بەرلین
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ لە سەر پرسی ئاشکرابوونی سیخوڕی لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکادا، باسی لەوە کرد کە ئەنجامدانی چالاکییە سیخوڕییەکان بەسەر هاوپەیمانانەوە، "خەرجکردنی وزەیە بە خۆڕایی."
مێرکڵ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی مۆلدۆڤا ئایوری لیانس، باسی لە چەندین پرسی ناوچەیی و جیهانیی کرد.
سەرەتا مێرکڵ رایگەیاند کە لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی کێشەیەکی زۆر بووەتەوە گوتی: "رووبەڕووبوونەوەی گروپی تیرۆرستی داعش و جەنگی سوریا و شەڕی عێراق، زۆر لە پرسی سیخوڕیکردن بەسەر هاوپەیمانەکانەوە گرنگترە."
مێرکل بارودۆخی ئاسایشی جیهانی لە سەردەمی جەنگی ساردا بیری هەموولایەک هێنایەوە و رایگەیاند، کە ئێستا لە سەدەی ٢١دا دەژین و دەپێ لە خۆمان بپرسین، ئایە کاری دەزگا هەواڵگرییەکان لەم سەدەیەدا چییە، هاوکات ئاماژەی بە گرنگی بوونی متمانە لە نێوان هاوپەیماناندا لە کات و ساتێکی وەهادا کرد.
هەفتەی پێشوو سیخوڕێکی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا BND بە تۆمەتی کارکردن و سیخوڕی کردن بۆ ئەمریکا دەستگیر کرا.
ئەو سیخوڕە دانی بەوە ناوە کە لە بەرامبەر پارەدا سیخوڕی بۆ ئەمریکا کردووە و رایگەیاندووە، کە ماوەی دوو ساڵ زیاتر بۆ هەردوولا کاری کردووە و لە ٢٠١٢ەوە ٢٠٨ بەڵگەی رەوانەی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکا کردووە.
لە رووداوێکی دیکەدا دەرکەوتووە کە کەسێکی بەرپرس لە بابەتی هاریکاری پڕچەککردنی نێودەوڵەتی و پسپۆر لە بەشی سیاسەت لە وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا، سیخوڕی بۆ ئەمریکا کردووە.