Mücahit Aydemir
17 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2020
تەرابلوس- AA
سەرۆکوەزیرانی لیبیا، فائز سەراج لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی فەرمی لیبیا پەیامێکی ئاراستەی گەلی لیبیا کرد و رایگەیاند "دەمەوێت ئەوە بە هەمووان بڵێم کە تا کۆتایی تشرینی یەکەم پۆستەکەم رادەست دەکەم".
فائز سەراج باسیشی لە "دانوستانەکانی لیبیا" کرد کە لە رۆژانی ٦-١٠ی ئەیلوول لە شاری بۆزنیقە باکووری مەغریب ئەنجامدرا و گوتی: "دەبینین بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان لایەنەکانی لیبیا ئەنجامدرا. بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازیمان لەم دانوستانانە کردووە و هیوادارین بگۆڕێت بۆ رێککەوتنی گەورەتر. دوایین کۆبوونەوەکانمان بوونە بنچینەی ئامادەکاری بۆ قۆناغی نوێی یەکگرتنی دەزگا حکومییەکان و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی".
سەرۆکوەزیرانی لیبیا ئەوەشی خستەڕوو کە راستەوخۆ دەستپێکی قۆناغی بەرەو هەڵبژاردن بە باشترین رێگا بۆ چارەسەری قەیرانی وڵاتەکەی دەزانێت، بەڵام لە دەرەوەی ئەمەش پێشوازی لە دەستپێشخەری هەر رێککەوتنێک دەکات.
فائز سەراج لە بارەی وازهێنانی لە پۆستەکەی گوتی: "دەمەوێت ئەوە بە هەمووان بڵێم کە تا کۆتایی تشرینی یەکەم پۆستەکەم رادەست دەکەم. لەم قۆناغەدا چالاکییەکانی لیژنەی دانوستان کۆتاییهاتوون، هیوادارم لیژنەیەکی سەرۆکایەتی نوێ پێکبهێندرێت و سەرۆکێکی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستەکەم دیاری بکرێت".