Zana Natık Kerem
31 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2021
تەرابلوس ــ AA
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە ٢١ کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و ٢٤ کەسیش بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی لیبیا کاندید کردووە، ئەوەیش دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی رابردوو، وادەی خۆکاندیدکردن بۆ ئەو دوو پۆستە کۆتایی ھات.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا لە راگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە دەستی ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاوکردەوە کە ھەریەک لە وەزیری ناوخۆ، فەتحی باشاغا و جێگری سەرۆکوەزیران، ئەحمەد معێتیق و وەزیری پێشووتری پەروەدە، عوسمان عەبدولجەلیل و بازرگان عەبدولحەمید دەبیبە گرنگترین ئەو کەسانەن کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە ھەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دەوڵەتی لیبیا، خالید مشری و سەرۆکی ئەنجوومەنی توبروق، عەقیلە ساڵح پاڵپشتیکار لە جەنەرالی کودەتاچی، خەلیفە حەفتەر و وەزیری بەرگریی، سەڵاح نەمروش و فەرماندەی ناوچەی سەربازی رۆژئاوا سەربە سوپا، ئوسامە جوەیلی لە گرنگترین ئەو کەسانەن کە خۆیان بۆ ئەندامێتیی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی لیبیا کاندید کردووە.
ھەروەھا لیستی کاندیدان بۆ ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی، ئەندامی پێشووی کۆنگرەی نیشتمانیی، شەریف وافی پاڵپشتیکار لە خەلیفە حەفتەر و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای دەوڵەت، عەبدولمەجید نەسر و جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی حکوومەتی تەبایی نیشتمانیی، موسا کونی لەخۆدەگرێت.
ھاوکات ناوی ھەریەک لە سەرۆکوەزیرانی لیبیا، فایز سەراج و جەنەرالی کودەتاچی، خەلیفە حەفتەر لە لیستی کاندیدان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و ئەندامێتیی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی نەھاتووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە سەرجەم ئەو کەسانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و ئەندامێتیی سەرۆکایەتی کاندید کردووە بەڵێنیان داوە رێز لەو نەخشەڕێگایە بگرن کە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە لیبیا داندراوە.
رۆژی ھەینی رابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاندبوو کە دیداری گفتوگۆی سیاسیی لیبیا لە یەک تا پێنجی شوباتی داھاتوو لە شاری جنێڤ رۆژئاوای سویسرا سازدەکرێت.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، وادەی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی و جێگرانی و بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی لیبیا کۆتایی ھات.
ماوەی چەند ساڵێکە، میلیشیاکانی جەنەرالی کودەتاچی، خەلیفە حەفتەر بە پاڵپشتی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و رۆژئاوا، ھێرش دەکەنە سەر حکوومەتی تەبایی نیشتمانیی لیبیا کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دانی پێدانراوە و بەھۆیەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتیی مەدەنیی کوژراون و برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی ژێرخانی ژمارەیەک ناوچەی ئەو وڵاتە وێرانکراوە.