Enes Kaplan
29 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2021
سۆچی - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هاریکاری لەگەڵ رووسیادا لە پیشەسازی بەرگرییدا رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لەبارەی هەندێک بابەتەوە پرسیارمان لێکرا و ئێمەش وەڵاممان دایەوە، پاشەکشە لە هەنگاوەکانمان ناکەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە نووسینگەی فەرمی سەرۆکایەتی رووسیا، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین کۆبووەوە.
سەرکۆماری تورکیا لەو بەشەی کۆبوونەوەکەدا کە کراوەبوو بەڕووی راگەیاندنەکاندا، خۆشحاڵی خۆی نیشان دا بە کۆبوونەوەی رووبەڕوو کە پێشتر پلانیان بۆ دانابوو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ زۆر دۆستی لە یەکتر جیاکردووەتەوە و سەرەڕای گرتنەبەری هەموو رێوشوێنەکان، بەرەنگاری ڤایرۆسەکە لە هەلومەرجێی زۆر سەختدا بەڕێوەدەچێت.
سەرکۆماری تورکیا سوپاسی سەرۆکی رووسیای کرد لەو پشتیوانییەی پێشکەشی کرد لە کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی لە تورکیا کەوتەوە و سەرەخۆشی ئاراستە کرد بۆ ئەو فڕۆکەوانە رووسیایەی لە میانی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا گیانی لەدەست دا و گوتی: ''بەڕاستیی دۆستان لەم جۆرە رۆژە سەختانەدا دەردەکەون''.

ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە پەیوەندییەکانی تورکیا-رووسیا لە بوارە سیاسیی، سەربازیی، ئابووریی و بازرگانییەکاندا بەشێوەیەکی زۆر جیاواز خۆی نیشان داوە و رایگەیاند ''هەرچەندە هەندێک بەرز و نزمی بەشی هەیە لە قەبارەی بازرگانییدا، بەڵام لەئێستادا لە دۆخێکی باشدایە. من باوەڕم وایە کە دەچەتە دۆخێکی باشترەوە. زۆر زۆر سوپاستان دەکەم بۆ پشتگیریتان بەتایبەتی لە گەشتوگوزاردا. سوپاسی دۆستە رووسیاییەکانمان دەکەین کە تورکیایان پێ باشە''.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە دروستکردنی وێستگەی ناوکی ئاککویو درێژەی هەیە و لە کاتی دیاریی کراودا تەواو دەبێت و گوتی: ''پێم وایە ساڵی داهاتوو، دەتوانین یەکەی یەکەم بکەینەوە. کارێکی چڕ دەکرێت. لەئێستادا، ١٣ هەزار کەس تیایدا کار دەکەن کە ١٠ هەزاریان تورک و سێ هەزاریان رووسیاین، بەڵام نزیکەی هەموویان لە رووسیا خوێندوویانە، بەدڵنیایییەوە ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان".
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: ''بابەتێکی دیکە بێگومان ئەو هەنگاوانەیە کە پێکەوە گرتوومانەتەبەر، بەتایبەتی لە پیشەسازی بەرگرییدا کە شایەنی قسەکردنە لەسەری. لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لەبارەی هەندێک بابەتەوە پرسیارمان لێکرا و ئێمەش وەڵامی پێویستمان دایەوە، چونکە ناگونجێت پاشەکشە لەو هەنگاوانەمان بکەین کە ناومانن. بەتایبەتی من، لەو باوەڕەدام کە هەر کاتێک پەیوەندییەکانی تورکیا-رووسیا رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر بوون و بەردەوام بووین لەسەری، سوودێکی زۆر دەبێت. ئەو هەنگاوانەی ئێمە بۆ سووریا دەنێین، گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئاشتی لە سووریا بەندە بە پەیوەندی باشیی تورکیا و رووسیا''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سوپاسی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین-ی کرد بۆ ئەو پێشوازییەی کە لێیان کراوە.