Abdullah Shukur
26 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2018
واشنتۆن-AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا لەلایەکەوە درێژە بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی لەگەڵ سعوودیە دەدات و لەلایەکی دیکەش، سزای بەرپرسانی تاوانی کوشتنی جەمال خاشقچی دەدات.
پۆمپیۆ لە پرۆگرامێکی رادیۆی Hugh Hewitt وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی لە کۆنسلخانەی سعوودیەی لە شاری ئیستانبوڵ دایەوە.
پۆمپیۆ رایگەیاند کە ھیچ پێشھاتێکی نوێ لەبارەی تاوانی کوشتنی خاشقچی نییە و گوتیشی: "ھەوڵدەدەین شتێک بزانین لەبارەی ئەوەی کەچی روویداوە و چۆن خاشقچی بە شێوەیەکی تراژیدی کوژراوە. دوێنێ، بینیتان کە داواکارانی سعوودیە ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ئەو تاوانە پێشتر پیلانی بۆ دارێژراوە. ئێمەش بەردەوامین لە زانینی راستییەکان".
پۆمپیۆ ئەوەیشی وەبیرھێنایەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لێکۆڵینەوەی لەبارەی تاوانی کوشتنی خاشقچی دەستپێکردووە و ھەوڵی ئامادەکردنی سەپاندنی سزایە بەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ)، رایگەیاندبوو کە سزای ئەنجامدەران دەدات. بەڵام پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ سعوودیە گرنگە. بەرژەوەندی ستراتیژی ھەیە. بەرژەوەندییەکانمان دەپارێزین و سزای بەرپرسیارانی ئەو تاوانە دەدەین".