پورتسماوت
کەشتی Cape Ray لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا لەرێگای تەکنەلۆژیاوە رووپۆش دەکرێ بۆ کاری لە ناوبردنی چەکی کیمیاوی سوریا.
ئەو کەشتیە درێژیەکەی ١٩٧ مەترە، لە کەشتیخانەیەک لە پورتسموس بۆ لەناوبردنی مادەکان دروست کراوە، لەرێگای سیستمی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ لەناوبردنی مادەو چەکە کیمیاویەکان لە ناو ئاو ئامادە کراوە.
نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٢٩ کانونی یەکەم رایگەیاندبوو، تا کۆتایی ساڵ سەرجەم چەکە کیمیاویەکانی سوریا دەھێننە دەرەوەی وڵات، بەڵام پاشتر رایانگەیاند بەھۆی ھەندێ گرفتی تەکنیکی ئەو کارە لە وادەی خۆیدا کۆتایی نایەت.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بان کی مۆن لەبارەی دواکەوتنی بردنەدەرەوەی چەکی کیمیاویی سوریا رایگەیاندوە، "لەگەڵ ئەوەی دواکەوتن رووی داوە، بەڵام کارەکان بۆ لەناوبردنی ئەو چەکە کیمیاویانە بەردەوامن، ھەوڵ دەدەین بەزووترین کات ئەو چەکانەی کە لە کۆگاکاندا ئەمبار کراون لە سوریا ببەینە دەرەوە و لە ناویان ببەین."
پێشتر سەرۆکی بەشی نەھێشتنی چەک و سەقامگیرکردنی ئاسایش لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا میخایل ئوڵیانۆڤ لە روونکردنەوەیەکیدا رایگەیاندبوو، پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی چەکە کیمیاویەکان لە سوریا ببەینە دەرەوە.
ئوڵیانۆڤ لە لێدوانەکەیدا بۆ راگەیاندنی روسی، ئاماژەی بەکۆبوونەوەی ھاوبەشی نوێنەرانی وڵاتانی روسیا و ئەمریکا و چین و دانیمارک و نەرویج و پسپۆرانی چەکی کیمیاوی سوریا و رێکخراوی نەھێشتنی چەکی کیمیاوی و نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان کرد، کە لە مۆسکۆ ئەنجامیان دابوو.