Gökhan Zobar
19 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2021
ئەدیرنە-AA
سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری تورکی، کەرەم کنک ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئامادەن یارمەتی ئەو کۆچبەرانە بدەن کە لەسەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا گیریان خواردووە.
کەرەم کنک لە هۆبەی ئەدیرنەی رێکخراوی مانگی سووری تورکی لەگەڵ نوێنەرانی هۆبەکە و خۆبەخشانی مانگی سوور کۆبووەوە و لە میانی گوتەیەکیشدا باسی لەوە کرد کە رێکخراوەکەیان ماوەی ١٥٣ ساڵە لەسەر هەمان بنەما خزمەتی مرۆڤایەتی دەکات.
کنک باسی لە کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا کرد و رایگەیاند: "لەمڕۆدا لێشاوێکی بێوێنەی کۆچ لەسەر سنووری بێلاڕووس- پۆڵەندا هەیە. هەرچەندە ژمارەی کۆچبەرەکان زۆر کەمە بەڵام ئاستی مەرگەساتەکە زۆر گەورەیە. ئەم مرۆڤانە لە بچووکترین پێداویستییەکانی ژیان بێ بەشن".
سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری تورکی ئاماژەی بەوەش دا کە لە کاتی سەردانی مینسکدا لەگەڵ بەرپرسانی خاچی سوور کۆبووەتەوە و ئامادەیی مانگی سووری تورکیای بۆ هاوکاریکردنی کۆچبەران پێ راگەیاندوون، گوتیشی: "ئێمە نەوەی شارستانیەتێکین کە تەماشای ئەوە ناکات مرۆڤ کێیە بەڵکو مرۆڤ وەک مرۆڤ دەبینێت. پێویستە هەموو مرۆڤایەتی بەم شێوەیەبێت. لە تێڕوانینی ئێمەدا مرۆڤی قاچاخ نییە بە بڕوای ئێمە کەسانێک هەن کە ناچار بە کۆچ و جێهێشتنی ماڵ و حاڵی خۆیان کراون".