Heman Hussein , Zana Natık
18 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا، بەغدا پایتەختی جێهێشت و بەرەو ئەمریكا بەڕێكەوت.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە كە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا، بەغدای پایتەختی جێهێشتووە و بەرەو واشنتۆن پایتەختی ئەمریكا بەڕێكەوتووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كۆدەبێتەوە.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە لە میانی كۆبوونەوەكەی نێوان مستەفا كازمی و دۆناڵد ترەمپ-دا، چۆنیەتی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن تاوتوێ دەكرێت و هەروەها سەبارەت بە پێشهاتەكانی رەوشی ئێستای هەرێمی گفتوگۆ دەكرێت.
لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەیش خراوەتەڕوو كە هەر لە میانی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن مستەفا كازمی هاوكارییە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریكا تاوتوێ دەكات، بەتایبەتیش ئاسایش، ئابووری، تەندروستیی.
پێشتر گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاندبوو كە شاندی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی لە واشنتۆن رێوشوێنەكانی تایبەت بە قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ شاندی ئەمریكا تاوتوێ دەكات ئاشكراشیكردبوو كە قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجی دوا قۆناغ نابێت و ژمارەیەك قۆناغی دیكەی گفتوگۆی ستراتیجی لەنێوان بەغدا و واشنتۆندا ساز دەكرێت.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان یاوەری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و لەوێ دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی واشنتۆن دەبێت.
فارس عیسا ئاشکرایشی کرد کە ئەندامانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە؛ سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم و نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، بەیان سامی عەبدولرەحمان، هەروەها نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگەیش لەنێو شاندەکەدایە.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەمریکا و عێراق دەستیان بە گفتوگۆی ستراتیجیی نێوانیان کرد لەسەر پرسی دیاریکردنی چارەنووسی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و پێشبینی دەکرێت ئەو بابەتە یەکێک بێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان مستەفا کازمی و بەرپرسانی ئەمریکا، هەروەها پرسەکانی ئابووریی، تەندروستیی و ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکان دەبن.