Mohammed Baqi Hussein
10 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2016
سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران مەهدی كەڕوبی، كە ماوەی نزیكەی شەش ساڵە لە ماڵەكەیدا زیندانی كراوە، لەنامەیەكدا كە بۆ یەكەمجارە بۆ سەركۆماری ئێران حەسەن روحانی دەنێرێت رایگەیاندووە، "دەیەوێت دادگایی بكرێت".
نامەكە كە لە ماڵپەڕی Sahamnewsی تایبەت بە كەڕوبییەوە بڵاوكراوەتەوە تێیدا هاتووە، "دواتان لێدەكەم كۆتایی بە زیندانییكردنم لە ماڵەكەمدا بهێنن. دەزانم ئەمە لەدەستی ئێوەدا نییە. تەنها دەمەوێت داوا لە رژێم بكەن بەئاشكرا دادگاییم بكات".
نامەكە ئاماژە بەوە دەدات كە كەڕوبی دەیەوێت ساختەكاریی هەڵبژاردنەكان بە رای گشتی رابگەیەنێت و لەدەقەكەیدا هاتووە "دەكرێت ئەو دادگایە لەنێو وڵاتدا و بەشێوەیەك پێكبهێنرێت كە دەسەڵات بەدەستەكان دەخوازن، هیچ گرنگ نییە. بەپشتیوانیی خودا و یارمەتیی پارێزەرەكانم، دەمەوێت لە دادگا بەڕای گشتیی بگەیەنم چۆن لە هەڵبژاردنەكانی 2005دا ساختەكاری ئەنجامدراوە، چۆن پلان بۆ هەڵبژاردنەكانی 2009 دانراوە و چۆن گەنجەكانمان بە شێوەی یاسایی و نایاسایی خراونەتە زیندانەوە. لەئەنجامی دادگاییەكەدا هەمووان دەبنبن كێن ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكانی 2009دا لە بەهاكانی شۆڕش پاشگەزبوونەوە. بڕیاری دادگا هەرچی بێت قبووڵی دەكەم و پەنا بۆ تەمییز نابەم".
- مەهدی كەڕوبی كێیە؟
كەڕوبی تەمەن 78 ساڵ چوار خول ئەندامی پەرلەمانی ئێران بووە و لە سێیەم و شەشەم خولی پەرلەماندا سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كردووە. لەچەندین پلە و پۆستی جیاجیای ئێراندا ئەركی پێدراوە و لەسەر داوای ریفۆرمخوازەكان لە ساڵانی 2005 و 2009دا خۆی بۆ پۆستی سەركۆمار هەڵبژارد.
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی 2009دا مەحموودی ئەحمەدی نەژاد بە براوە راگەیەنرا، خۆپیشاندان و ناڕەزایی شەقامی ئێرانی خرۆشاند. كەڕوبی لەگەڵ سەركردەكانی دیكە ئۆپۆزسیۆن میر حوسەین مووسەوی و زەهرا رەحمانوەرد بە بەرپرسیاری گرژییەكان راگەیەنران و لە 18ی شوباتی 2011ەوە بێ ئەوەی دادگایی بكرێن، لەماڵەكانیاندا زیندانكراون.