Serdar Bıtmez
27 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2020
دۆحە - AA
میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ تورکیا هێنا کە لە میانیدا تاوتوێی بەهێزترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا.
تەمیم بن حەمەد دوای سەردانەکەی بۆ تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی "لەگەڵ سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی برام گفتوگۆی باشمان لەبارەی هاوبەشیی نێوان قەتەر و تورکیا ئەنجامدا".
تەمیم بن حەمەد راشیگەیاندووە "رێککەوتین لەسەر بەهێزترکردنی ئەو هاوبەشییە و بەردەوامیدانی بەجۆرێک لە خزمەت بەرژەوەندی گەلی هەروو وڵات دا بێت".
میری قەتەر ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان لەبارەی ژمارەیەک پرس و دوایین پێشهاتەکانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی ئاڵوگۆڕی بۆچوونیان کردووە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی بە مەبەستی بەشدارییکردنی لە شەشەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ستراتیجیی تورکیا-قەتەر گەیشتە ئەنقەرە.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە کۆمەڵگای سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە پێشوازیی لە تەمیم بن حەمەد ئال سانی کرد.
تورکیا و قەتەر لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی هەردوو سەرکردە، ١٠ رێککەوتنیان لە بوارە جیاجیاکاندا واژوو کرد.
جێی ئاماژەیە، لیژنەی باڵای ستراتیجیی تورکیا-قەتەر ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠١٥دا قەتەر میوانداریی یەکەم دانیشتنی لیژنەکەی کرد.