Erbil Başay
29 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2016
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ: "لەو باوەڕەداین ئیدانەکردنی هەوڵی کودەتاکە گرنگ و لەجێی خۆی بوو. لەو بارەیەوە حکوومەتی تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات. ئەگەر خۆمان بێنینە جێگای ئەوان ئێستا لە پەرلەمانی ئەڵمانیاین و سووپای خۆمان بێت پەرلەمان بۆردومان بکات، خۆ دەستەوەستان دانانیشین".
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ رایگەیاند، کە ئیدانەکردنی رێکخراوی تیرۆرستی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) بەهۆی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەیانەوە، کارێکە لەجێی خۆیدا بوو.
مێرکڵ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی یەکی ئەڵمانیا ARD، بە ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ تورکیا دا و گوتی: " لەبواری دیپلۆماسییدا ئەگەر لەبری ئەوەی لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەین، لەبارەی یەکتر قسە بکەین ناگەینە هیچ ئامانجێک".
مێرکڵ، باسی لە پێشهاتەکانی تورکیاش کرد و گوتی: "لەو باوەڕەداین ئیدانەکردنی هەوڵی کودەتاکە گرنگ و لەجێی خۆیدابوو. لەو بارەیەوە حکوومەتی تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات. ئەگەر خۆمان بێنینە جێگای ئەوان ئێستا لە پەرلەمانی ئەڵمانیاین و سووپای خۆمان بێت پەرلەمان بۆردومان بکات، خۆ دەستەوەستان دانانیشین".
مێرکڵ باسی لەوەش کرد مەبەست لەو داوایەی کە لە هاووڵاتییە تورکەکانی نیشتەجێی وڵاتەکەی کردبوو بەوەی پابەندبن بە یاسا و رێساکانی ئەڵمانیاوە، ئەوەیە کە ئەڵمانیا نایەوێت کەسانێک کە شایستە نەبن لە تورکیاوە رووبکەنە ئەڵمانیا، بەپێچەوانەوە ئەو تورکانەی ساڵانێکی دوور و درێژە لەوڵاتەکەی دەژین بوونەتە هۆی گەشەپێدانی ئەڵمانیا.
- رەوشی سووریا
مێرکڵ لەبارەی جەنگی ناوخۆیی سووریاشەوە گوتی: "پێویستە هەرچی زووە رێگە لەو خوێنڕێژییە ترسناکە بگرین".
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەوەیشی خستەڕوو، کە چی پێویست بێت دەیکەن بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی سیاسیی. ئاماژەی بەوەیشدا کە ئەگەری ئەوە هەیە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری و وەزیر دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لە بارەی رەوشی سووریاوە بیانگەیەنێتە ئامانج، لەوبارەیەوە و بۆ گەیشتن بە ئامانج بە سووپاسەوە پێشوازی لە هەر دەستپێشخەری و رێگاچارەیەک دەکەن.
- رەوشی پەبابەران
لەبارەی رەوشی قەیراناوی پەنابەران، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، هەندێک وڵات نایانەوێت بەشداری بکەن لەریزی ئەو وڵاتانەی یەکێتی ئەورووپا کە پەنابەرانیان بەشێوەیەکی رێک و پێک بەسەردا دابەش بکرێت و وڵاتانی دیکەش لەو بارەیەوە هەڵوێستی خۆیان بەڕاشکاوی راگەیاندووە.
مێرکڵ بەپێویستی زانی رێگاچارەی هاوبەش ببینرێتەوە و رەخنەی لە چەند وڵاتێک گرت کە نایانەوێت پەنابەرانی وڵاتانی ئیسلامی وەربگرن.
لەبارەی ئەو پەنابەرانەی ئەمساڵ لە ئەفریقاوە روو لە وڵاتانی ئەورووپا دەکەن، مێرکڵ بەپێویستی زانی وڵاتی ئیتاڵیا پێشوازییان لێ بکات هاوکاریی تەواویان بکات.