Heman Hussein Yaseen
23 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2025
هەولێر - AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە داڤۆس لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، ئەسعەد شەیبانی کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان و دواین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێی کراوە.
لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکدا ھاتووە: "وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و ھەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ھاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو".
ئەوەش خراوتەڕوو کە شەیبانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە کورد پێکھاتەیەکی ڕەسەن و گرنگە لە سووریا و دڵنیایی دەدەن کە مافەکانییان پارێزراو دەبێت.
بەپێی بەشێکی دیکەی ھەواڵەکە، وەزیری دەرەوەی سووریا شەیبانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانی بانگھێشتی دیمەشق کردووە و ھیوای خواستووە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شام یەکتر ببیننەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکە ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی ھەموو پیکھاتەکانی سووریا.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بووە بە ھەوڵەکانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا.