Sarmand Hameed
20 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە مەنامە پایتەختی بەحرێن، لەگەڵ شازادەی جێنشین و جێگری فەرماندەی گشتی ھیزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی پێشخستنی ئابووری بەحرەین، سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١ لە بەحرێنە، لەگەڵ سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە کۆبووەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی دیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و گۆڕانکاریی و پێشھاتەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرێن لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ھەردوولا جەختیان لە گرنگی بەھێزکردن و رەخساندنی دەرفەتەکانی وەبەرھێنان کردەوە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وەبەرھێنانی بەحرێن.
دوێنێ ھەینی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١، بەسەرۆکایەتی شاندێکی حکوومی کە پێکھاتووە لە وەزیری کاروباری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل و وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، گەیشتە مەنامە پایتەختی بەحرێن.