Sarmand Hameed
21 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیو تولەر و شاندێکی یاوەری کرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا، بارودۆخی سیاسیی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و مەترسی و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کراوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە باڵیۆزی ئەمریکا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە مەسعود بارزانی گەیاندووە بۆ شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگانەی کە لە ماوەی رابردوو بە دەستی چەکدارانی پەکەکە شەهیدکران و جەختی لەوەیش کردووەتەوە کە بۆ وڵاتەکەی، سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بایەخ و گرنگی تایبەتی هەیە و هەرێمی کوردستانیش نموونەیەکە بۆ سەقامگیری و بووژانەوە لەچاو بەشەکانی تری عێراق.
راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، هەنگاوەکانی یەکخستن و رێکخستنەوەی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دانانی ناوەندەکانی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی عێراقی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر بەرز نرخێندراوە.
هەروەها ئاماژەی بەویشداوە کە ئاستی زانکۆکانی هەرێم و هەوڵدان بۆ پێشخستنی زانکۆکانی هەرێم و کاریگەرییان لە داهاتووی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بووە.