Ata Ufuk Şeker
21 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2021
بڕۆکسل - AA
یەکێتیی ئەورووپا، ماوەی سزا سەپێنراوەکانی سەر رووسیای بۆ ساڵێک درێژکردەوە کە بەهۆی لکاندنی نایاسایی کریمیا و سیڤاستۆپۆل بە خاکی وڵاتەکەیەوە بەسەریدا سەپاندوویەتی.
ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە بەهۆی بە نایاسایی لکاندنی کریمیا و سیڤاستۆپۆل بە خاکی وڵاتەکەیەوە، یەکێتیی ئەورووپا سنووردارییەکانی بەرامبەر رووسیا تا ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ درێژکردووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەکە بەو سزایانەی کە درێژکراونەتەوە، چالاکی هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپا و کۆمپانیاکانیان لە کریمیا و سیڤاستۆپۆل سنووردار دەکرێت.
هەروەها لە کریمیا و سیڤاستۆپۆلەوە رێگە بە هەناردەکردنی بەرهەمەکان نادرێت بۆ یەکێتیی ئەورووپا.
هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپا ناتوانن لە کریمیا و سیڤاستۆپۆل وەبەرهێنان بکەن و خزمەتگوزاری دارایی پێشکەش بکەن، هەندێک بەرهەم و تەکنەلۆجیا کە لە کەرتی گواستنەوە، پەیوەندی و وزەدا بەکاردەهێندرێن ناتوانرێت هەناردەی ئەو ناوچانە بکرێت، بەتایبەتیش رێگریدەکرێت لە دەستەبەرکردنی ئەو تەکنەلۆجیایانەی کە دەکرێت لە کاری گەڕان، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت، غازی سروشتیی و کانزادا بەکاردەهێنرێن، لەگەڵ پشتیوانیکردنی تەکنیکیدا.
رووسیا، لە ئاداری ٢٠١٤دا، کۆماری خۆبەڕێوەبەری کریمیا و شاری سیڤاستۆپۆل-ی بە نایاسایی لکاند بە خاکی وڵاتەکەیەوە.
لە پاش لکاندنی کریمیا بە خاکی رووسیاوە و سەرهەڵدانی رووداوەکانی خۆرهەڵاتی ئۆکراینا، یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە سزایان بەسەر رووسیادا سەپاند.