Abdel Ra'ouf D. A. R. Arnaout
23 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2021
قودس - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو رایگەیاند، بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی راستڕەوی بەهێز تەنها پێویستیان بە دوو کورسی زیادە هەیە.
ناتانیاهو لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک لە وەڵامی یەکێک لە لایەنگرانی حزبەکەی رایگەیاندووە "تەنها پێویستم بە دوو کورسی هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی راستڕەوی بەهێز".
ناتانیاهو لەم قسەیەیدا پشتی بەو راپرسییە بەستووە کە لە رای گشتی ئیسرائیل وەرگیراوە و تیایدا پێشبینی ئەوە کراوە کە پارتی لیکۆد یەکێک بێت لە لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەکە و لەگەڵ پارتە هاوپەیمانەکانی ٥٩ کورسی کنێست مسۆگەر بکات، بەڵام سەرۆکی پارتەکە، بێنیامین ناتانیاهو رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە پێکهێنانی حکوومەت چونکە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی حکوومەتەکەی، لەکۆی ١٢٠ کورسی پەرلەمان، پێویستی بە دەنگی ٦١ کورسی دەبێت.
ناتانیاهو داوای لە ئیسرائیلییەکان کردووە روو لە ناوەندەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە پارتەکە بدەن.
لەم هەڵبژاردنەدا ٣٩ لیست کێبڕکێ دەکەن و بەپێی راپرسییەک کە لە هەفتەکانی کۆتاییدا بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت ١٥یان سەرکەوتن بەدەست بهێنن.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل دەستی پێکرد و ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە.
ئەمە چوارەم جارە لە ماوەی دوو ساڵدا ئیسرائیلییەکان دەنگ بدەن، دوای ئەو هەڵبژاردنەی کە لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠ بەڕێوەچوو.
لە ئەگەری بەردەوامی قەیرانەکانی پێکهێنانی حکوومەت، بەدوور نازانرێت بۆ جاری پێنجەم هەڵبژاردن لە ئیسرائیل ئەنجام بدرێتەوە.
لیژنەی ناوەندەیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، رایگەیاندووە کە شەش ملیۆن و ٥٧٨ هەزار و ٨٤ ئیسرائیلی مافی دەنگدانیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە.
دەنگدەران لە ١٣ هەزار و ٦٨٥ سندووقی دەنگدان کە لە سەرتاسەری ئیسرائیل دابەشکراوە، دەنگی خۆیان دەدەن.
لیژنەی ناوەندەیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، بۆ تووشبووانی کۆرۆنا رێککاری پێویستی گرتووەتەبەر بەجۆرێک تووشبووانی ڤایرۆسەکە دەتوانن لە ناوەندێکی تایبەت بەبێ جێهێشتنی ئۆتۆمبێلەکانیان دەنگ بدەن.
دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان لو کاتژمێر ١٠ی شەو، ئەنجامی بەرایی بەشێکی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنرێت بەڵام ئەنجامی بەرایی بەشێوەی فەرمیی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بەدیار دەکەوێت.
هاوکات رێوشوێنی ئەمنیی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە گیراوەتەبەر و بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی ئیسرائیل، نزیکەی ٢٠ هەزار پۆلیس پارێزگاریی لە ناوەندەکانی دەنگدان دەکەن.