Adam Abu-bashal
21 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2020
ئابوجا- AA
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی نێجیریا، محەمەد مەنگا ئاشکرای کرد لە شاری لاگۆس ژمارەیەکی زۆر چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر پاسەوانانی دوو زیندان و رێگایان بۆ هەڵاتنی بەندکراوەکان خۆشکردووە.
محەمەد مەنگا باسی لەوەش کرد کە دوای سەرژمێریکردنی بەندکراوەکان دەرکەوتووە، هەزار و ٩٩٣ بەندکراو لەو دوو زیندانە هەڵاتوون.
فەرمانڕەوای شاری لاگۆس، باباجیدە سانوۆ-ئۆلو بەهۆی گۆڕانی خۆپیشاندانەکان بە پێکداهەڵپژان و توندوتیژی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆی لە شارەکە راگەیاند.
دوو هەفتە لەمەوبەر لە ویلایەتی دەلتا، گەنجێک لەلایەن "تیمی تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی دزیکردن" کوژرا، دوای ئەم رووداوە لەسەر بانگەوازی چالاکوانان و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خۆپیشاندان لە شاری لاگۆس و ئەبوجا-ی پایتەخت دەستیپێکرد و تەواوی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
دوێنێش لە ویلایەتی ئێدۆ، خۆپیشاندەران پەلاماری زیندانێکیان دا و بەوهۆیەوە نزیکەی ٢٠٠ بەندکراو هەڵاتن.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی رێکخراوی لێبوردنیی نێودەوڵەتی لە هەفتەی رابردووەوە تا ئێستا لە خۆپیشاندانی ویلایەتە جیاجیاکانی نێجیریا لانیکەم ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.