Zana Natık Kerem
09 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2023
هەولێر – AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان- عێراق، نێچیرڤان بارزانی، پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی گەلی مەغریب کرد، ئەوەیش بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە دوێنێ هەینی ئەو وڵاتەی هەژاند و لە ئاکامدا زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X " بڵاویکردەوە، ڕایگەیاندووە: "بە ناوی گەلی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەوپەڕی سەرەخۆشیی ئاراستەی گەلی شانشینی مەغریبی دەکەم لە بارەی قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە و لەم کاتە سەختەدا هاوبەشی خەمیانم".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق هەروەها نووسیوویەتی: " داوا لە خوای گەورە دەکەم قوربانیانی بوومەلەرزەکە، بخاتە ڕەحمەتی خۆی و بریندارانیش بە چاکبوونەوەیەکی خێرا بگەیێنێت".
ئێوارەی دوێنێ ھەینی، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی حەوت پلە بە پێوەری ڕێختەر مەغریبی ھەژاند و بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەو ڵاتە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە بوومەلەرزەکەدا، گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ھەزار و ٣٧ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە ٧٢١ کەس.