Fahrettin İbrahim
06 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2015
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق جان واڵتمانس و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پابەندبوونی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە پیشان دا. هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە لەمێژینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا كرد و هیوای تۆكمەتركردنی ئەو پەیوەندییانەی لە هەموو بوارەكاندا خواست.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێز واڵتمانس وەك باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق خواست و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی بۆ هەر هاوكاریی و پشتگیرییەك دەربڕی. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی هۆڵەندای كرد بۆ ئەو پشتیوانییە سەربازی و مرۆییەی كە لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش، پێشكەش بە هەرێمی كوردستانیان كردوە.
لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستووەتە سەر چەند بابەتێكی هەنووكەییی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراق لەوانە، شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش، بارگرانی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا وەك خۆی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، لەمبارەیەشەوە جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بڕوای بە دیالۆگ و گفتوگۆیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
هەروەها ئاماژەی بە پرۆسەی چاكسازی و پابەندبوونی حكوومەتی هەرێم بەو پرۆسەیەوە لە هەموو بوارەكاندا كرد بە تایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و داراییەوە. سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیشەوە ئاماژەی بەوە كرد كە جیاوازیی بیروبۆچوون لە نێوان لایەنەكاندا هەیە و ئێستا هەموولایەنەكان لە گفتوگۆ و دانوستاندان بۆئەوەی پرسەكە چارەسەر بكەن. جەختی لەوەش كردەوە كە لە هەموو كێشەكان زیاتر، قەیرانی دارایی خەڵكی هەرێمی كوردستانی هەراسان كردووە و دووپاتی كردەوە هەرچەند هەرێمی كوردستان توانای زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتی هەیە، بەڵام دابەزینی نرخەكەی هۆكارێكی دیكەیە بۆ بەردەوامیی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.
باسكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا لە هەموو بوارەكانەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەم بارەیەشەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە دەرگاكانی هەرێم بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی هۆڵەندا واڵایە و هانی وەبەرهێنەران دەدات بێن سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن و بەم ڕێگەیەشەوە هاوكار بن بۆ كەمكردنەوەی ئەو قەیرانە ئابووریەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.