Ramal Mahmood
15 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2016
ئەو پڕۆژە یاسایەی لەلایەن حکوومەتی هاوپەیمانی نەمساوە ئامادەکرابوو بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا و بوو بە یاسا. بەپێی یاساکە ئەو ماڵەی هیتلەر تیایدا لە دایکبووە لە شارۆچکەی Braunau am Inn لە ویلایەتی نەمسای باکوور لە خاوەنی ئێستای دەکڕدرێت.
دوای ئەوەی یاساکە لە ئەنجوومەنی پیرانی نەمسا پەسەند کرا دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، وۆڵفگانگ سۆبۆتکا رایگەیاند کە ئەو پشتگیری ئەوە دەکات حکوومەت خانووەکە بڕووخێنێت و سەرلەنوێ خانووەکە بونیات بنێتەوە.
حکوومەت بەمەبەستی رێگەگرتن لەوەی ئەم ماڵە ببێتە ناوەندی نازییە نوێیەکان و کڕینی لە خاوەن ماڵەکە کە نەیدەویست بیفرۆشێت بڕیاری دا بەوەی کە بیکاتە موڵکی گشتیی.
خاوەنی ماڵەکە گەرلیندە پۆممەر لە ساڵی ٢٠١١ەوە رێگەی نەداوە بە نۆژەنکردنەوە و فرۆشتنی خانووەکە، مانگانەش بڕی چوار هەزار و ٥٠٠ یۆرۆی وەک کرێ لە دەوڵەت وەردەگرت، راستڕەوە پەڕگیرەکانیش لە رۆژی لە دایکبوونی هیتلەر کە ٢٠ی نیسانە سەردانی ماڵەکەیان دەکرد و هوتافی نازییەکانیان دەکێشا.
شایانی باسە ئەدۆڵف هیتلەر لە ٢٠ی نیسانی ١٨٨٩ لەو ماڵەدا لە دایکبوو و تاکو تەمەنی سێ ساڵیش لەو ماڵەدا ژیاوە.