Ramal Mahmood
13 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
پرۆفیسۆر ئاڵڵان لیشمان کە لە ساڵی ١٩٨٤ەوە پێشبینییەکانی بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا راست دەرچووە، رایگەیاند "من وەکو کەسێکی ئەکادیمی ئەو کارەی من کردوومە کارێکی زانستییە. ئەگەرنا وەکو خۆم پێموایە لەوانەیە ترەمپ ببێتە مەترسی بۆسەر ئەمریکا و جیهانیش".
وانەبێژی مێژووی سیاسەت لە زانکۆی ئەمریکی کە لە واشنتۆنی پایتەختە لیشمان باسی راست دەرچوونی پێشبینییەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٤ەوە بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دەکات.
لە کاتێکدا زۆربەی کەناڵەکانی راگەیاندن و کۆمپانیاکانی راپرسی رایانگەیاندبوو کە هیلاری کلینتۆن دەبێتە سەرۆکی خولی ٤٥مینی ئەمریکا، لیشمان بەدڵنیایی تەواوەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پاڵێوراوی پارتی کۆماری دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆک هەڵدەبژێردرێت.
لیشمان بە ئاماژە دان بەوە کە لە ساڵی ١٩٨١ەوە ئەو تەکنیکە زانستییەی گەشە پێداوە و لە ساڵی ١٩٨٤ هەموو پێشبنییەکانی راست دەرچوون، گوتی: "لە راستیدا هەر هەڵبژاردنێک هەڵسەنگاندنی کارەکانی ئەو ئیدارەیە. بە چاودێریکردنی ئەو کارانە هەوڵمداوە بگەمە بەرئەنجامێک بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. تەنانەت لە هەڵبژاردنی سەرۆک باراک ئۆباما بۆ خوولی دووەم کە کێشەی گرنگی هەبوو و کۆمەڵگاش بەمەی دەزانی پێشبینییەکەم راست دەرچوو. دیموکراتەکان خاڵی لاوازیان زۆر هەبوو و خەڵک دڵیان لێ ساردبووەوە ئەمەش رێی بۆ ترەمپ خۆش کرد. بەتایبەت لە خوولی دووەمی سەرۆکایەتی ئۆبامادا سیاسەتێکی گرنگ نەبووە جێی باس، لە سیاسەتی دەرەوەدا لە خوولی دووەم رووداوێکی وەک کوشتنی ئوسامە بن لادن رووینەدا".
لیشمان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە هەڵبژاردنەکان پاڵێوراوی پارتی دیموکراتی هیلاری کلینتۆن، جۆن کەنەدی و فرانکڵین رووزڤێڵت نەیانتوانی باوەڕ بەدەنگدەر بهێنن و گوتی: "ئەوە هیچ پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە نییە. لە راستیدا کە سەری دەکەین دەبینین لە مشتومڕە تەلەڤزیۆنییەکاندا هەر کلینتۆن لە ترەمپ دەیبردەوە. من زۆر سەیری راپرسییەکانم نەکرد، چونکە پشت بە میتۆدێکی زانستی نابەستن. تەنها بۆچوونێکی کاتی دەخەنە روو. هەروەها زۆر سەیری شرۆڤەکارانی تەلەڤزیۆنیشم نەکرد. چونکە ئەوانیش وەک پێشبینی راپرسییەکان قسەیان دەکرد. ئەگەر گوێ لە ئەوان بگری دەیانگوت کەمپینەکانی ترەمپ زۆر بە خراپی بەڕێوە دەبرێن بەڵام خەڵک ترەمپی هەڵبژارد".