Hemin Hüseyin
01 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2017
هەولێر-AA
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان یادی کارەساتی یەکی شوباتی کردەوە.
لە ١٣ەمین ساڵیادی کارەساتی یەکی شوبات کە دوو تەقینەوەی خۆکوژی ھەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردە ئامانج و بەھۆیەوە ١٠١ کەس شەھید بوون و لەو یادەدا بەدانانی تاجە گوڵینە لەسەر کۆتەڵی شەھیدانی یەکی شوبات رێز لەو شەھیدانە گیرا و یادەکە بەڕێوەچوو.
کەسوکاری شەهیدان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان بەدانانی تاجە گوڵینە و هەڵواسینی وێنەی شەهیدان، بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد.
لە رێوڕەسمەکەدا سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەکارەساتی یەکی شوبات کرد و گوتی: "لەو کارەساتەدا پۆلێک لە سەرکردەوە و هەڤاڵانمان لەدەستدا کە ئەوەش کەلێنێکی گەورەی خستە نێو بواری سیاسیی و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن بەرامبەر بەشەهیدانی یەکی شوبات و ئەرکی هەردوو حزبە کە ئەزموونەکە بپارێزن و سەری رێز بۆ شەهیدان دادەنوێنین".
هەر بەو بۆنەیەوەشەوە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە خۆیان بەقەرزاری خوێنی شەهیدان دەزانن کە لەئەنجامی دەستی رەشی تیرۆر لەماوەی چەند چرکەیەکدا زیاتر لە ١٠٠ کەس بوونەتە قوربانی و ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەواڵەکانییان بەردەوامە بۆ باشترکردنی بارو گوزەرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان.
لە رۆژی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ و لە یەکەمین رۆژی جەژنی قورباندا لەئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی تیرۆریستی لە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر زیاتر لە ١٠٠ کەس شەهید بوون کە سەرکردە و کادیر و خەڵکی مەدەنیش لەنێو شەهیدەکاندا هەبوون. بەم بۆنە خەمناکەوە ساڵانە لە سەر کۆتەڵی شەهیدان لە پارکی سامی عەبدولرەحمان رێورەسمی کارەساتی یەکی شوبات بەڕێوەدەچێت و کەسوکاری شەهیدان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرایەتی وڵاتان، تاجە گوڵینە لەسەر کۆتەڵی شەهیدان دادەنێن.