Hemin Hüseyin
07 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2018
هەولێر-AA
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەسەر چەند تەوەرێک بوو و دواتر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە سەرەتای کۆنگرەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، راپۆرتی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بۆ جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش پێشکەشکرا و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لیژنەیەک پێکھێنراوە و ھیوادارین لەگەڵ بەغدا کاری جددی بکەین بۆ ئەوەی تاوانەکانی داعش بەرامبەر ئێزدییەکان بە جینۆساید بناسرێت و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە بۆ پێدانی زەوی بە کەسوکاری شەھیدان و ئەو بڕیارەش جێبەجێ دەکرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "هەر لە کۆبوونەوەکەدا، تەئکیدمان کردەوە لەسەر بابەتی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کە پێویستە لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هیوادارین کە هەڵبژاردنێک بێت بە ئارامی بەڕێوەبچێت".
لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "کۆبوونەوەکەی دوێنێ بۆخۆ ئامادەکردن بووە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، بەڵام دەمانەوێت ھەموو لایەنێک بەشدار بێت، تاوەکو ئێستا باسی پۆستەکانی کورد لە بەغدا نەکراوە، بەڵام باسی کێشەکان و داواکارییەکانی کورد چین، ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لە عێراق کێشەکانی بە دەستوور چارەسەر بکات، ئێستاش قۆناغێکی تازەیە و خەڵک داواکاری تازەی ھەیە، بۆیە پێویستە ئارامییەکی سیاسی لە عێراق ھەبێت. ھەرێمی کوردستانیش بۆی گرنگە لە قۆناغێکی تازە ئەو کێشانەی کە ھەیە، یەکلایی بکرێتەوە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "چەند خاڵێک ھەیە گرنگە، یەکێکیان ئەوەیە کە کورد یەکگرتووبێت، ھەروەھا تا ئێستا گفتوگۆ دەستی پێنەکردووە بۆ پێکھێنانی حکوومەت، چونکە دادگای فیدراڵی پرۆسەی ھەڵبژاردنی عێراقی پەسەند نەکردووە، بۆیە بە فەرمی گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەت دەستی پێنەکردووە".
لەبارەی پرۆژەکانی وەبەرھێنان و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لیژنەیەکمان پێکھێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر پرۆژەکانی وەبەرھێنان کە کێشەیان ھەیە و ئەوان پێشنیاز دەدەن بە ئێمە و ئێمەیش کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە باشتربوونی باری دارایی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئیستا دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر دەچێت لە بارەی داراییەوە و دەتوانم بڵێم لە تونێلێکی تاریکەوە، تروسکاییەکمان لێ دیارە".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەیشی بە پتەویی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان کرد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا و ئاشکرایشی کرد کە لە داهاتوودا سەردانی وڵاتی تورکیا دەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا، سەبارەت بە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بێگومان بڕیارەکەی تورکیا، بڕیارێکی سیاسییە و لەسەر کۆمەڵێک بنەما ئەو بڕیارە دراوە، ئێمە دەبێت ئەو بڕیارە بە جیددی وەربگرین و دەبێت نیگەرانییەکانی تورکیا بڕەوێنرێنەوە و منیش وەک سەرۆکی حکوومەت داوامکردووە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت".
لەبارەی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ گەمارۆکانی سەر ئێران و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە ھەنگاوەکانمان لەگەڵ عێراق دەبێت و ئێمە داوامان لە ئەمریکا و عیراقیش کردووە بۆ ئەوەی سەردانمان بکەن و بەرچاومان روون بێتەوە بۆ ئەوەی بزانین ئێمە دەبێت چی بکەین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، هەڵوێستی کەسیی خۆی لەبارەی هەبوونی ئەنجوومەنی شارەوانی و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و گوتی: "من وەکو بۆچوونی تایبەتی خۆم، پێموایە هەبوونی ئەنجوومەنی شارەوانی و ئەنجوومەنی پارێزگا، کاروبارەکان ئاڵۆزتر دەکات و پێویستە یەکێکیان هەبێت و لەمبارەیەوەش داوامکردووە کە دیراسەی بابەتەکە بکەن".