Muhammet Ali Kemal
23 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2016
لەچوارچێوەی هەڵبژاردنەكانی بەرایی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، ئەمڕۆ لە هەڵبژاردنەكانی بەرایی لە دوو ویلایەتدا، لە بەرەی كۆمارییەكان هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ و تێد كروز و لەبەرەی دیموكراتەكانیش هەریەك لە هیلاری كلینتۆن و بێرنی ساندەرز توانییان بردنەوە بەدەست بهێنن.
هەڵبژاردنەكانی بەرایی بەمەبەستی دیاریكردنی كاندیدانی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان بەهەموو گوڕی خۆیەوە بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ركابەرییەكان بۆ كاندیدبوون لە سێ ویلایەتدا درێژەی هەبوو.
لەهەریەك لە ویلایەتەكانی ئاریزۆنا و یوتاهـ هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی هەڵبژاردنی بەراییان ئەنجام دا. ئەمە جگە لەوەی كە دیموكراتەكان لە ویلایەتی ئایداهۆ چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان.
- لە ئاریزۆنا ترەمپ و لە یوتاهـ كروز بردیانەوە
لە ویلایەتی ئاریزۆنا لەبەرەی كۆمارییەكاندا دۆناڵد ترەمپی بازرگان توانی هەڵبژاردنەكانی بەرایی بباتەوە. ترەمپ كە لە راپرسییەكانیشدا لەپێشەوەی كاندیدەكانی دیكە بوو، توانی لەسەدا ٤٧ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت. ئەو بەم ئەنجامە توانی ٥٨ نوێنەری ویلایەتەكە بۆ خۆی بباتەوە. ئەمە لە كاتێكدا كە سیناتۆری ویلایەتی تەكساس تێد كروز لە پلەی دووەمدا و پارێزگاری ئۆهایۆ جۆن كاسیچ لە پلەی سێیەمی هەڵبژاردنەكانی بەرایی ویلایەتی ئاریزۆنادا هاتن.
هەرچی هەڵبژاردنەكانی بەرایی ویلایەتی یوتاهـە تێیدا، تید كروز توانی سەركەوتن تۆمار بكات و زیاتر لە نیوەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەو شێوەیەش توانی ٤٠ نوێنەری ویلایەتەكە بباتەوە. لە هەڵبژاردنەكانی بەرایی ویلایەتەكەدا كاسیچ توانی پلەی دووەم و ترەمپیش پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت.
- ویلایەتەكان لەنێوان دیموكراتەكاندا بەشكران
هەرچی هەڵبژاردنەكانی بەرایی دیموكراتەكانیشە ، تێیدا وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا هیلاری كلینتۆن توانی لە ویلایەتی ئاریزۆنا لەسەدا ٦٠ دەنگەكان بەدەست بهێنێت و بەسەر ركابەرەكەیدا كە سیناتۆری ڤێرمۆنت بێرنی ساندەرزە سەركەوێت، بەو شێوەیەش كلینتۆن توانی ٤٠ نوێنەر و ساندەرزیش ١٦ نوێنەر بەرێتەوە.
لە ویلایەتی یوتاهیش ساندەرز توانی زیاتر لە نیوەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و ١٨ نوێنەری ویلایەتەكە بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی بەرایی ویلایەتی ئایداهۆش كە لەنێوان دیموكراتەكاندا بەڕێوەچوو، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا ئاشكرا دەكرێن.
لەنێو دیموكراتەكاندا كلینتۆن بە نوێنەرە گەورەكانەوە، توانیویەتی ژمارەی نوێنەرەكانی بگەیەنێتە هەزار و ٦٧٥ نوێنەر و لەكاتێكدا ژمارەی نوێنەرەكانی ساندەرز ٩٠٤ دانەیە. هەریەك لەوانە پێویستیان بە دوو هەزار و ٣٨٣ نوێنەر بۆ ئەوەی كاندیدبوون لەسەر لیستی پارتەكەیان مسۆگەر بكەن.
لەلایەكی دیكەوە و لە بەرەی كۆمارییەكاندا تا ئێستا ترەمپ توانیویەتی زۆرترین نوێنەر كۆبكاتەوە كە بریتییە لە ٧٣٩ نوێنەر. بەدوای ئەویشدا كروز خاوەنی ٤٢٥ نوێنەرە و هەرچی كاسیچە تائێستا ١٤٣ نوێنەری بردووەتەوە. هەریەك لەوانە پێویستیان بە هەزار و ٢٣٧ نوێنەر بۆ ئەوەی كاندیدبوون لەسەر لیستی پارتەكەیان مسۆگەر بكەن.
- كاندیدانی سەرۆكایەتی لە كۆنگرەی پارتەكاندا ئاشكرا دەكرێن
كاندیدانی پارتەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە كۆنگرەكانی پارتەكاندا كە بڕیارە لە وەرزی هاویندا ئەنجام بدرێت، ئاشكرا دەكرێن.
پارتی كۆمارییەكان لە كۆنگرەكەیاندا كە بڕیارە لە نێوان رۆژانی ١٨-٢١ی تەمووزی داهاتوودا لە شاری كلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ بەڕێوەبچێت، بە فەرمی كاندیدەكەیان ئاشكرا بكەن. هەرچی پارتی دیموكراتە لە كۆنگرەكەیاندا لەنێوان رۆژانی ٢٥-٢٨ی تەمووزی داهاتوو لە شاری فیلادیلفیای ویلایەتی پەنسیلڤانیا كاندیدەكەیان رادەگەیەنن.
دیموكراتەكان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەریەك لە ویلایەتەكانی ئاڵاسكا، هاوای و واشنتۆن لە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە درێژە بە هەڵبژاردنەكانی بەرایی دەدەن.