Muhammet Tarhan
10 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2025
ئەنقەرە – AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی کەناڵی سی ئێن ئێن تورکدا، هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی ڕۆژەڤ کرد و، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
سەبارەت بەوەی هێشتا بەرواری ئەو کۆنگرەیە ڕانەگەیەندراوە کە تیایدا پێویستە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە بانگەواز بۆ هەڵوەشاندنەوەکە کراوە، چاوەڕوانن پابەندی ئەم بانگەوازە بن.
فیدان باسی لەوە کرد کە تورکیا وەک دەوڵەت هیچ کات، کار و ئاسایشی خۆی نەبەستووەتەوە بەوەی کەسانی دیکە چ بڕیارێک دەدەن یان نا، لەبەرئەوە چالاکيیە هەواڵگریی و سەربازییەکان بەو پەڕی وردییەوە بەردەوام دەبن.
هاکان فیدان ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە پێشتریش ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە ڕێنمایی خۆ هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتووە و، ڕایگەیاند: "لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییەدا، لە ناکاو ئەو ڕێنمایی و پێشنیازانەی لە سیستەمی نێودەوڵەتییەوە وەریگرت، بە شێوەیەکی میتۆدی پێش ئەو ڕێنمایی و پێشنیازانە کەوت کە لە بەرپرسی ڕێکخراوەکەوە وەریگرتبوو. ئایا دەکرێت ئەمجارەش هەمان شت ڕوو بدات؟ هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ئەنجامی نەدەن".
سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی ئەو ڕێککەوتننامەیەی لە ١٠ی ئاداری ٢٠١٩دا لە نێوان سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع و فەرهاد عەبدی شاهین واژوو کرا، فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی سووریا زۆر نوێیە و، قورسە چاوەڕوان بکرێت هەندێک کێشە بە خێرایی چارەسەر بکرێن.
فیدان باسی لەوە کرد ئەگەر ڕێککەوتنەکە درێژە بکێشێت، ڕەنگە مەترسی گەورە سەرهەڵبدات و، ڕایگەیاند: "لە لایەکی دیکەوە، هەردەم ڕێکخراوەکە ئەو ئەزموونەی هەیە کە خۆی وا دەردەخات ڕازییە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕازی نییە و دیپلۆماسیی و دانوستان وەک ئامرازێکی دیکە بۆ پەرەسەندنی ئەجێندای ڕاستەقینەی خۆی بەکاردەهێنێت. ئەمە شتێکە ئەو ئەنجامی دەدات".
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ساڵی ڕابردوودا، میکانیزمی ئەمنیی لەگەڵ عێراق پێکهێندراوە و، ڕایگەیاند: "پشتیوان بە خودا دوایین کۆبوونەوە لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، لە ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو (١٣ی نیسان) لە ئەنتاڵیا ئەنجامی دەدەین. لە شێوەی ٥+٥، واتا هەواڵگریی، دەرەوە، سەربازی و هەمووان بەیەکەوە لەگەڵ موخاتەبەکانیان کۆدەبنەوە".
فیدان ئەوەیشی خستەڕوو پێویستە عێراق جدییەتی و هەستیاریی لە بارەی پاککردنەوەی شنگال نیشان بدات، باسی لەوەیش کرد کە لە نێوان حکوومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان-عێراقدا سنووری جێناکۆک هەیە و، پێویستە حکوومەتی فیدراڵی دەستوەردان لە هەندێک ناوچەدا بکات.
هەروەها فیدان بە پێویستی زانی سوپای عێراق ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە پرسی شنگالدا بکات، ئاماژەی بەوەیش کرد کە لە کۆبوونەوەی میکانیزمی ئەمنییدا بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم بوونیان هەیە و، بە شێوەیەکی هاوبەش کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.