Gamze Türkoğlu Oğuz,Muhammet Ali Kemal
30 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پلانی هەیە رێگریی لە بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتییبوون لەو منداڵانە بکات کە لە وڵاتەکەی لەدایک دەبن و خێزانەکانیان هاووڵاتیی ئەمریکا نیین.
لە لێدوانێکیدا لە بەرنامەی "Axios on HBO"، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد دەیەوێت کۆتایی بەو رێکارە بهێنێت کە مافی هاووڵاتییبوون دەداتە ئەو منداڵانەی لە خاکی ئەمریکادا لەو کەسانەی هاووڵاتیی ئەمریکا نیین یان کۆچبەری نایاسایین، لەدایک دەبن.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی ئایا هەنگاوێکی لەوشێوەیە شەرعییەتی هەیە یان نا، ترەمپ گوتی: "دەڵێن کە دەتوانم ئەمە لە رێگەی فەرمانێکی سەرۆکایەتییەوە ئەنجام بدەم".
جەختی لەوەشکردەوە کە یاساناسانی کۆشکی سپی لە پێشنیازەکەی دەکۆڵنەوە.
ئاماژە بەوەدەکرێت رەنگە مشتومڕێکی یاسایی سەبارەت بە دەسەڵاتی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە دەستووردا تەنها لە لایەن سەرۆکەوە بێتە ئاراوە، بەتایبەت کە مافی هاووڵاتییبوونی ئەمریکا لەگەڵ دایکبووندا لە دەستووری ئەمریکادا جێگیرکراوە.