Sangar Hamad Azeez
24 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2016
لە میانەی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مارک تۆنەر، تیشکی خستە سەر تۆپبارانکردنی داعش و پەیەدە لەلایەن تورکیاوە و رایگەیاند: "سەبارەت بەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و نوێنەرانی سوپای سووریای ئازاد لە کۆبوونەوەداین".
مارک تۆنەر جەختی لەوە کردەوە هەوڵدەدەن گرژییەکان کەمبکەنەوە گوتی: " لە هەوڵداین ئەوە بەبیر هەردوولا بهێنینەوە کە دوژمنی سەرەکی داعشە لەم بابەتەدا".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ''رای ئێوە چی دەبێت لەچوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێون رووسیا و تورکیا، ئەنقەرە رێگە بە مۆسکۆ بدات بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک بەکاربهێنێت'' تۆنەر گوتی: "ئێمە لە کۆبوونەوەی تایبەتی دیپلۆماسیدا بابەتەکەمان تاوتوێکردووە. بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانی سووریا، واشنتۆن بەردەوامە لە دیدارەکانی لەگەڵ مۆسکۆ. ئەمریکا ، رووسیا و تورکیا هەرسێکیان ئەندامن لە گروپی دۆستانی سووریا، بۆیە ئەمریکاش مافی ئەوەی هەیە قسە لەسەر بابەتەکە بکات".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەدرێژەی گوتەکانیدا رایگەیاند: " پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە بابەتی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا هەرچەند باش بێت، خوازیارین پەیوەندیی نێوان رووسیا و تورکیاش بە هەمان شێوە بێت ".
مار تۆنەر راشیگەیاند سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، بەردەوامن لە دیدارەکانیان لەگەڵ رووسیا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ چارەسەرێک.