Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
05 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2018
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، سارا ساندەرز لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا لە کۆشکی سپی سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون روونکردنەوەی دا.
سارا ساندەرز ئاماژەی بەوەکرد ئامادەکارییەکانی پەیوەست بە لووتکەکە بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچن و گوتی: "سەرۆک هەموو رۆژێک زانیاریی سەبارەت بە کۆریای باکوور لە تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وەردەگرێت. دەتوانم بڵێم لەو چوارچێوەیەشدا یەکەم کۆبوونەوە (ی نێوان دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون) رۆژی ١٢ی حوزەیران لە سینگاپور کاتژمێر ٠٩:٠٠ بە کاتی ئەو وڵاتە، دەستپێدەکات".
سارا ساندەرز وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بەو نامەیەی ترەمپ لە کیمەوە بۆی هاتووە دایەوە و تیشکی خستەسەر ئەوەی باسی ناوەڕۆکی نامەکە ناکات، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد بە خوێندنەوەی ئەو گوزارشتانەی کە لە نامەکەدا هاتووە "ئەوەی پێ نیشانداون کە لەسەر رێگەی راستن".
گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا فشارەکانی ئەمریکا لەسەر کۆریای باکوور کە لە ترۆپکدان، درێژەیان دەبێت یان نا، جەختی لەوەکردەوە تا ئەو کاتەی نیمچە دوورگەی کۆریا لە چەکی ئەتۆمی دادەماڵرێت، سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بە چالاکی دەمێننەوە.