Sarmand Hameed
05 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2018
ریاز - AA
هێزی بەرگری ئاسمانی سعوودیە، مووشەکێکی بالیستی تێکشکاند کە ئاراستەی شاری یەنبع رۆژئاوای ئەو وڵاتە کرابوو.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە لە گوتەبێژی هاوپەیمانییەتی عەرەبی، عەقید تورکی مالیکی گواستووەتەوە کە ھێزی بەرگری ئاسمانی سعوودیە، مووشەکیکی بالیستی کە لە لایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی شاری یەنبع کرابوو، تێشکاندووە.
مالیکی روونیکردووەتەوە کە ئاراستەی مووشەکەکە، کردنەئامانجی ناوچەکانی شارەکە و دانیشتووەکەی بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە مووشەکە بەر لەوەی بگاتە ئامانجەکەی تێکشکێنراوە و هیچ زیانێکی لێنکەوتووەتەوە.
ئاراستەکردنی ئەم مووشەکە هاوکات بووە لەگەڵ سەردانی نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن، مارتن گریفیس بۆ شاری سەنعا.
رۆژی شەممەی رابردوو، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن، مارتن گریفیس گەیشتە شاری سەنعا بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ حووسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی یەمەن.
ئەمە شەشەم مووشەکی بالیستییە کە حووسییەکان لە مانگی رەمەزاندا ئاراستەی سعوودیەی بکەن.
لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکانی ھاوپەیمانییەتی عەرەبی لە یەمەن، تا ئێستا ١٤٧ مووشەکی بالیستی لە لایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی سعوودیە کراون کە سەرجەمیان تێکشکێنراون.