21 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2020
دھۆک - AA
٢١ی حوزەیران کە بەپێی ساڵنامەی کوردی یەکەم رۆژی وەرزی ھاوینە لە ئەمساڵدا ھاوکات بوو لەگەڵ دیاردەی خۆرگیران و بەپێی بۆچوونی پسپورێکی بواری جیولۆجیا ئەمە رووداوێکی سروشتیی دەگمەنە و کاریگەریشی لەسەر رەوشی کەشوھەوا دەبێت.
پسپۆری بواری جیۆلۆجیا و مامۆستا لە زانکۆی دھۆک، رەمەزان حەمزە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە سەرەتای وەرزی ھاوین کرد و گوتی: "ھەموو ساڵێک لە ٢١ی حوزەیران هەڵگەڕانەوەی وەرزی هاوین روو دەدات و تیشکی خۆر ستوون دەبێت لەسەر خوڵگەی قڕژاڵ و دەبێتە سەرەتای وەرزی ھاوین لە نیوە گۆی باکووری هەسارەی زەوی، بە شێوەیەکی گشتیی وەرزی ھاوین بە گەرما دەست پێ دەکات، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی کاریگەری گوڕانکاری کەشوھەوا لە ناوچەکەدا ئێستا کە یەکەم رۆژی ھاوینە و دەبینین لە ئاسمانی دھۆک ھەور ھەیە و کەشوھەوا تاڕادەیەک فێنکە و لە زۆر ناوچەیش باران ھەیە".
رەمەزان حەمزە باسی لەوەیش کرد کە ئەم گوڕانکاریانەی کەشوھەوا لە داھاتوویەکی نزیکدا کاریگەری دەکەنە سەر هەڵگەڕانەوەی وەرزەکان و ھەندێک وەرز پێش وەخت دەست پێ دەکەن و ھەندێکیش دوا دەکەون، ئەم گوڕانکاریەش ئەنجامی ئەوەیە کە ئێستا جیھان چووەتە نێو چاخی سەهۆڵبەندی کە کاریگەری واقعی کردووەتە سەر کەشوھەوا لەسەر هەسارەی زەوی، بۆیە ئێمە پێشبینی دەکەین کە وەرزی ھاوین دەستی پێکردووە کەشوھەوا لە ھەندێک شوێن فێنک بێت و لە ھەندێک شوێنیش گەرم بیت".
پسپۆری بواری جیۆلۆجیا و مامۆستا لە زانکۆی دھۆک، رەمەزان حەمزە سەبارەت بە دیاردەی خۆرگیران لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی ھاوین گوتی: "ئەمڕۆ دیاردەی خۆرگیران رووی داوە کە بەدەگەمەن ئەم دیاردە سروشتییە دەکەوێتە سەرەتای وەرزێک بە تایبەتیش وەرزی ھاوین و ئەم دوو رووداوە سروشتییە کاریگەریان لەسەر یەکتر ھەیە ھەرچەند بە شێوەیەکی پراکتیکی نە سەلمێنراوە، بەڵام لێکوڵینەوەکانی زانستی ھاوچەرخ باس لەم کاریگەریە دەکەن و بەپێی لێکوڵینەوەکان بوونی ئەم دوو دیاردە سروشتییە لە یەک کاتدا دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و رەنگە ببێتە ھۆی دروستبوونی رووداوی سروشتیی وەک بوومەلەرزە و پێشبینیش دەکرێت لە مانگی حەوتی ئەمساڵ یەک تا دوو بوومەلەرزەی بەھێز لە ناوچەکە رووبدەن".
ئەو گوتیشی: "زۆر بە دەگمەن ئەم دوو دیاردەیە پێکەوە روودەدەن کە ئەمساڵ خۆرگیران لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی ھاوین رووی دا بەپێی خشتەی فەلەکناسی جارێکی تر لە ساڵی ٢٠٣٨ دووبارە ئەم دوو دیاردە سروشتییە پێکەوە روودەدەن".
پسپۆری بواری جیۆلۆجیا و مامۆستا لە زانکۆی دھۆک، رەمەزان حەمزە باسی لە ئەرکی حکوومەت بو دانانی پلانی پێشوەختە لە رووی کەشوھەواوە کرد و گوتی: "گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ناوچەکەدا کاریگەری زۆر لەسەر ناوچەکە کردووە و زۆر جار دەبینین کە وەرزی ھاوینە و باران دەبارێت بۆیە پێویستە لەم حاڵەتانەدا حکوومەت پێش وەخت پلانی ھەبێت بۆ ھەر گۆڕانکارییەک لە کەشوهەوادا یان رووداوێکی سروشتیی چونکە رەنگە بارینی باران تەنها لە دوو کاتژمێردا دەغڵودانی جووتیاران تێک بدات، بۆیە حکوومەت دەبێت گرنکی بە بابەتەکانی کەشوھەوا بدات و بەرچاوی روشن بێت و بزانێت کە بۆ ھەر گۆڕانکارییەک چی دەکات".
رەمەزان حەمزە لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە زانستی بوونی ساڵنامەی کوردی لەڕووی هەڵگەڕانەوەی وەرزەکان کرد و گوتی: "بەپێی ساڵنامەی زایینی یەکی حوزەیران سەرەتای وەرزی ھاوینە، بەڵام هەڵگەڕانەوەی رێڕەوەکانی خۆر یان هەڵگەڕانەوەی وەرزەکان لە بەھارەوە بۆ ھاوین لە ٢١ی حوزەیران دروست دەبێت بۆیە ساڵنامەی کوردی گونجاوترە لە رووی زانستییەوە چونکە بەپێی ساڵنامەی کوردی ٢١ی ئادار سەرەتای وەرزی بەھارە و ٢١ی حوزەیران سەرەتای وەرزی ھاوینە".