Bayram Altuğ
30 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2019
جنێڤ ــ AA
گوتەبێژی نووسینگەی هەماهەنگی كاروباری مرۆیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ، جێنس لاركییە رایگەیاند، ٧٤ هەزار پەنابەری سووریا گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانەی كە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی-دا لە باكووری وڵاتەكەیان رزگاركراون.
جێنس لاركییە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە كرد بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی، ١٨٠ هەزار سووری ناچاربوون ماڵوحاڵی خۆیان جێبهێڵن و ئاوارە بن و گوتی: "لەو ژمارەیە هێشتا ١٠٦یان نەگەڕاونەتەوە ناوچەكانیان و ٧٤ هەزاریان دوای راگەیاندنی كۆتایی ئۆپەراسۆنەكە لە ٢٣ی ئەم مانگە گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان".
لە نۆی ئەم مانگە سوپای توركیا بە بەشداری سوپای نیشتمانی سووریا ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی بە ئامانجی پاككردنەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی رووباری فورات باكووری سووریا لە تیرۆریستانی یەپەگە/پەكەكە و داعش و دروستكردنی ناوچەی ئارامە بۆ گەڕانەوەی پەنابەرە سووریەكان بۆ وڵاتەكەیان، هەروەها بەرقەراركردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكە و لەناوبردنی ئەو رێڕەوە تیرۆرەی هەوڵدەدرێت لە سنووری باشووری توركیا دروست بكرێت ئۆپەراسۆنی كانی ئاشتی دەستپێكردبوو.
لە ١٧ی ئەم مانگی سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنەكەی هەڵپەسارد دوای ئەوەی ئەنقەرە و واشنتۆن گەیشتن بە رێككەوتن سەبارەت بە كشانەوەی تیرۆریستان لە ناوچەكە و دواتر ئەنقەرە و مۆسكۆ لە ٢٢ی ئەم مانگی هەر بۆ هەمان مەبەست گەیشتن بە رێككەوتن.