Emel Öz Gözellik,Mohammed Baqi Hussein
18 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2019
كاراچی - AA
ژمارەیەك چەكدار پاسێكی نەفەرهەڵگریان لە ویلایەتی بەلوجستان باشووری رۆژئاوای پاكستان راگرت و 14 كەسیان كوشت.
یاریدەدەری كۆمیسێری گوادار، محەمەد وەسیم لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند، ژمارەیەك چەكدار لە نێوان شاری كاراچی و بەندەری گوادار پاسێکی نەفەرهەڵگریان راگرتووە و گەشتیارەكانیان دابەزاندووە.
محەمەد وەسیم رایگەیاندووە، ئەنجامدەرانی پەلامارەکە پشکنینیان بۆ ناسنامەی گەشتیارەكانیان كردووە و دواتر 14 كەسیان لێكوشتووە.
راگەیەندراوە كە هێزە ئەمنییەكان دواتر چوونەتە شوێنەكە و لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی پاكستان، عمران خان پەلامارەکەی تیرۆریستییەکەی ئیدانە كرد و سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانییان كرد.