Mazın Asad
26 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2016
ئیسلام ئاباد
سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی له میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئیسلام ئابادی پایته‌ختی پاكستان، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ساز كرد.
روحانی ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئێران له توانایدایه پێداویستی وزه بۆ پاكستان دابین بكات و راشیگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی هێڵی بۆری به درێژایی سنووری پاكستان دروست كردووه كه له یه‌كه‌م هه‌نگاودا 1000 مێگاوات كاره‌با به پاكستان ده‌دات. هیواشی خواست به‌نده‌ره‌كانی هه‌ردوو وڵات له رێگه‌ی وشكایی و ده‌ریاییه‌وه به‌یه‌كه‌وه ببه‌سترێته‌وه.
له وه‌ڵامی پرسیارێك كه ئایا كێبڕكێ له نێوان به‌نده‌ری گڤادهری پاكستان و چابه‌هاری ئێران هه‌یه، روحانی له‌وباره‌یه‌وه گوتی: "كێبڕكێ شتێكی باشه. به‌نده‌ری گڤادهر له داهاتوودا ده‌بێته به‌نده‌رێكی زۆر گرنگ. پێویسته هه‌ردوو بهندهرەكه به هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌یه‌كه‌وه ببه‌سترێته‌وه كه به‌هۆیه‌وه ئاسانكاری بۆ بازرگانی نێوان هه‌ردوو وڵات دێته ئاراوه".
سه‌ركۆماری ئێران له‌باره‌ی دواڕه‌وشی سووریا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه سوپای سووریا و گرووپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كێبڕكێ بۆ ئاشتی ده‌كه‌ن و روونیشی كرده‌وه كه ئێران دژی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه زیان به یه‌كپارچه‌یی سووریا ده‌گه‌یه‌نێت.
له وه‌ڵامی ره‌وشی ئه‌منی نێوان سنووری پاكستان و ئێران، روحانی رایگه‌یاند له‌وباره‌یه‌وه به‌ڵێنیان له حکوومەتی پاکستان وه‌رگرتووه و زیاتر گوتیشی: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی بازرگانی له نێوان هه‌ردوو وڵات ئه‌نجام ده‌درێت پێویسته سنووره‌كانمان پارێزراو بێت".
هاوكات له‌باره‌ی گرژیی نێوان تاران و ریاز، سه‌ركۆماری ئێران گوتی: "پێویستمان به سه‌قامگیریی جیهانی ئیسلامی هه‌یه. ئه‌مه‌ش ته‌نها به به‌رقه‌راربوونی ئاشتی هه‌میشه‌یی دێته ئاراوه. له پێناو كۆتاییهێنان به گرژییه‌كانیش بێگومان گشت هه‌وڵه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ".
له وەڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا له‌باره‌ی قۆناغی ئاشتی له ئه‌فغانستان، روحانی گوتی: "ده‌شێت كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی له نێوان ئێران، پاكستان و ئه‌فغانستان ده‌ست پێ بكات. له پێناو به‌رقه‌راربوونی ئاشتی له ئه‌فغانستان هه‌وڵه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ. ئێمه ئاماده‌ین له‌م باره‌یه‌وه ئه‌ركه‌كانمان جێبه‌جێ بكه‌ین".