Sangar Hamad Azeez
17 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2018
واشنتۆن -
بریکاری ویلایەتی ماساچووسیتس لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا جیم ماکگۆڤەرن رایگەیاند پرۆژە بڕیاریكیان پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کردووە تیایدا داواکراوە بە هۆی رووداوی خاشقچییەوە تەواوی فرۆشتنی چەک و یارمەتییەکان بۆ سعوودیە هەڵپەسێردرێت".
ئەو بریکارە کە سەر بە دیموکراتخوازەکانە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە بە فەرمی پرۆژە بڕیارەکەیان پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە.
ماکگۆڤن لە تویتەکەیدا دەڵێت: "پرۆژە بڕیارێکم پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە تا ئەو کاتەی وەزیر پۆمپیۆ بۆی دەردەکەوێت کە سعوودیە فەرمانی کوشتن یاخود دەستی لە بێسەروشوێنبوونی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچییەوە نییە تەواوی کڕین و فرۆشتنی چەک و یارمەتییەکان بۆ سعوودیە هەڵپەسێردرێت".
سەرەڕای ئەوەی ناوەڕۆکی پڕۆژە بڕیارەکە بۆ رای گشتی رانەگەیەندراوە بەڵام تاوەکو ئێستا شەش نوێنەری دیموکراتەکان و دوو نوێنەری کۆمارییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆژە بڕیارەکە راگەیاندووە.
پێویستە بۆ تێپەڕبوونی پرۆژە بڕیارەکە هەم لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەم لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە زۆرینەی دەنگی دیموکراتەکان بەدەست بهێنێت.