Dildar Baykan Atalay
23 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2022
واشنتۆن - AA
راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەورووپا و ئەوراسیا، کارین دۆنفرید رایگەیاند کە لە نیگەرانییە رەواکانی تورکیا سەبارەت بە ئەندامێتی فینلاند و سوید لە ناتۆ تێدەگەن و پێیان وایە کێشەکان بە زووترین کات چارەسەر دەکرێن.
لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دانیشتنێکی لەبارەی داواکاریی فینلاند و سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ ئەنجامدا.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، ناکۆکییەکی کورت لە نێوان سەرۆکی کۆمیتە، بۆب مێنێندێزی (دیموکراتخواز) و جیم ریش (کۆماریخواز) سەبارەت بە تورکیا دروست بوو.
کاتێک مێنێندز بانگەشەی ئەوەی کرد کە ناڕەزایەتی تورکیا بەرامبەر بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی رووسیا دەکات، ریش گوتی: "بەرپرسانی سوید و فینلاند ئاگاداریان کردینەوە کە نیازی باشیان هەیە بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا. باشتر وایە ئەم پرسە بۆ ئەم وڵاتانە جێبهێڵین".
دۆنفرید لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەستبوونی فینلاند و سوید بە ناتۆ هاوپەیمانییەکە بەهێزتر دەکات و تیشکی خستە سەر ئەو نیگەرانیانەی کە تورکیا دەریبڕیوە.
- ئهمریکا رایگهیاند که دهتوانێت له لووتکهی ههفتهی داهاتووی ناتۆدا رێککهوتن لهگهڵ سوید و فینلاند واژوو بکات
راوێژکارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەوەیشی خستەڕوو کە سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ بەڵێنی داوە لەگەڵ ئەنقەرە و هێلسنکی و ستۆکهۆڵم لەسەر ئەم پرسە کۆببێتەوە و گوتی: "ئێمە دان بە نیگەرانییە رەواکانی تورکیادا دەنێین سەبارەت بە تیرۆر".
دۆنفرید هەروەها بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەندامێتی فینلاند و سوید بە دەنگی هەموو وڵاتان مسۆگەر دەبێت، گوتی: "بێگومان ئەمریکاش دەیەوێت وەک تورکیا کۆتایی بە پشتیوانی لە تیرۆر بهێنرێت، ئێمە ئەم بابەتە بە هەند وەردەگرین".
ناوبراو راشیگەیاند کە دەکرێت لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ کە هەفتەی داهاتوو لە مەدرید بەڕێوەدەچێت، لە ئەنجامی گوتووێژەکان لەگەڵ تورکیا، بەڵگەنامە فەرمییەکان سەبارەت بە ئەندامێتی سوید و فینلاند لە ناتۆ واژوو بکرێت.
- دانپێدانانی یەپەگە/پەکەکە لەلایەن سیناتۆری ئەمریکاوە
لە لایەکی دیکەوە دانپێداننانی سیناتۆر، مێنندێز لە دانیشتنەکەدا سەبارەت بەو پشتگیرییەی ئەمریکا لە یەپەگە/پەکەکە-ی کردبوو، بووە جێگەی سەرنج.
مێنندێز گوتی: "راستییەکە ئەوەیە کە هەڵوێستی فینلاند و سوید لەسەر پەکەکە و سەدەفە (یەپەگە) هاوکاتە لەگەڵ هەڵوێستی ئێمەدا. وەک دەزانن ئەو رێکخراوانە لە شەڕی دژی داعشدا یارمەتیدەرمان بوون. بۆیە بانگهێشتکردنی هەموو لایەنەکان بۆ رێککەوتن کەمێک دووڕووییە. زۆر باش دەبێت ئەگەر بگەنە چارەسەر، بەڵام نازانم تورکیا بەدوای بەدەستهێنانی چ شتێکەوەیە".