Said Amori,Ali Semerci
14 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2023
قودس-AA
پۆلیسی ئیسرائیل لە یەکێک لە دەرازەکانی مزگەوتی ئەقسا لە رۆژهەڵاتی قودسی داگیرکراو سێ ژنی فەڵەستینیی دەستبەسەر کرد.
شایەتحاڵان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند، پۆلیسی ئیسرائیل سێ ژنی فەڵەستینیی دەستگیر کرد بە بیانووی ئەوەی "وێڕای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام هەوڵیان داوە بچنە ناو مزگەوتی ئەقسا".
شایەتحاڵان هەروەها رایانگەیاند، ئەو سێ ژنەی دەستبەسەر کراون ناویان خەدیجە حەویس، حەنادی ئالحەلوانی و نەفیسە حەویس بووە کە لە کاتی رووداوەکانی هەفتەی رابردوودا لە مزگەوتی ئەقسا فەرمانی رێگەپێنەدانیان بۆ چوون بۆ مزگەوتی ئەقسا دەرکرابوو بوو.
پۆلیسی ئیسرائیل تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە.
- چی روویدا؟
هەفتەی رابردوو پۆلیسی ئیسرائیل له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزه‌وه دوو شه‌و له‌سه‌ریه‌ک هەڵیکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا و به‌ره‌نگاری موسڵمانانی نێو مزگهوتەکە ببووەوه، ئه‌مه‌ش بووە هۆی هه‌ڵكشانی گرژییه‌كان له خۆرهه‌ڵاتی قودسی داگیركراو و زنجیره‌یه‌ک رووداوی به‌دوادا هات.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، زنجیرەیەک مووشەک لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کراوە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لەو ناوچانەدا چالاک کراوە.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل بڵاویكردەوه كه له هێرشه‌كه‌دا ٣٤ مووشه‌ک ئاراستەکراون هەروەها له لوبنانه‌وه سێ هاوه‌ن ئاراسته‌ی باكووری ئیسرائیل كراوه.
سوپای ئیسرائیل بزووتنەوەی حه‌ماسی فەڵەستین و حکوومەتی لوبنانی به به‌رپرسیار له هێرشه‌كان له قه‌ڵه‌مدا.
هاوکات ئیسرائیل رایگەیاندبوو دەستی بە هێرشکردنە سەر غەززە کردووە، لە بەرامبەردا لە غەززەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل ژمارەیەک مووشەک ئاراستەکران.
لە ١١ی نیسان سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو بڕیاری دا هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکراو تا کۆتایی مانگی رەمەزان رابگیرێت.