Raşa Evrensel
14 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2023
واشنتۆن - AA
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، دزەپێکردنی ژمارەیەک بەڵگەنامەی نهێنی هەواڵگریی وهزارهتهكه کارێکی تاوانکاریی ئەنقەستە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن، پاتریک رایدەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "گرنگە ئەوەیه بزانین کە ئێمە بنەمای رێنمایی توندمان هەیە بۆ پاراستنی زانیارییە نهێنی و هەستیارەکان".
پاتریک رایدەر لەبارەی دزەپێکردنی بەڵگەنامەکانەوە رایگەیاند: "ئەمە کارێکی تاوانکاریی ئەنقەستە".
چەند گرتەیەک بڵاوبووەتەوە کە ساتی دەستبەسەرکردنی گومانلێکراوێکە بە دزەپێکردنی بەڵگەنامەکان بەناوی جاک تێکسیرا لە ویلایەتی ماسهچوسێتسی ئەمریکا لەلایەن هێزەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی.
جاک تێکسیرا تەمەن ٢١ ساڵان یەکێکە لە پاسەوانانی نیشتمانی ئاسمانیی ئەمریکا.
پێشتر داواکاری گشتیی ئەمریکا، میریک گارلاند لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دەستبەسەرکردنی جاک تێکسیرای بەتۆمەتی دزەپێکردنی بەڵگەنامەی پێنتاگۆن، راگەیاندبوو.
رۆژی ٦ی نیسان، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەواڵێکی لەبارەی دزەپێکردنی بەڵگەنامەی نهێنی پێنتاگۆنی بڵاوکردەوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پرسی جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا لەخۆ دەگرێت.
رۆژی سێشەممە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی دزەپێکردنی بەڵگەنامەی وەزارەتەکەیەوە رایگەیاند: "ئێمەش ئەوەمان بیستووە کە لەسەر ئینتەرنێت چەند بەڵگەیەک بڵاوبووەتەوە، بەدیاریکراوی نازانین لە چ شوێنێک و کێ توانای گەیشتنی بەو بەڵگانە هەیە".
ڵۆید ئۆستن ئاشکراشیكرد کە لێکۆڵینەوەکانیان لەوبارەیەوە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنی ئەو بەڵگەنامانە.