Zana Natık Kerem
08 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی ھەشتی مارس رۆژی جیھانیی ئافرەتان رایگەیاند کە بە نیگەرانییەوە لە ئاماری توندوتیژی، کوشتن، ئازاردانی ژنان، ھەروەھا پێشێلکردنی مافەکانیان دەڕوانن کە کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر دۆخی کۆمەڵایەتی و ناو و پێگەی ھەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی لە یادی ھەشتی مارسدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە "یادی ھەشتی مارس ڕۆژی جیھانیی ئافرەتان، لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان لە وڵات و لە ھەر کوێیەکی جیھان بن، بە گەرمی پیرۆز دەکەم. ھیوای بەرەوپێشچوونی بەردەوام و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
سەرۆکی ھەرێمی کوردسان لە پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە "لەم یادەدا وێڕای دووپاتکردنەوەی ھەموو پشتگیرییەکمان بۆ ژنان و کچانی کوردستان، دڵنیایان دەکەینەوە کە وەک ھەمیشە داکۆکی لە ماف و ئازادییان دەکەین و بە ھەموو توانایەکمان، بەرگرییان لێدەکەین".
لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی-دا ھەروەھا ھاتووە "لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، بە نیگەرانییەوە لە ئاماری توندوتیژی و کوشتن و ئازاردانی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان دەڕوانین کە کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر دۆخی کۆمەڵایەتی و ناو و پێگەی ھەرێمی کوردستان. جەخت دەکەینەوە کە ئەم دۆخە بە ھیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و دەبێ بەتەواوی کۆتایی بێت".
جەختیشی کردووەتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و رێگری لە کوشتنی ئافرەتان بە ھەر پاساو و بەھانەیەک بێت، ئەرکێکی ھاوبەشی ھەموومانە لە ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، رێکخراوەکان، مامۆستایانی ئایینی، میدیا و کۆمەڵگا بەگشتی و ھاتووە "ھەروەھا لە رێی پەروەردە، ئاگایی، وشیاریی تاک و خێزانەوە، دەبێ ھەموومان ھەماھەنگ و ھاوکار بین و ھەوڵی جددی بدەین، بۆ نەھێشتن و بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و برەودان بە کولتووری ناتوندوتیژی و لێبوردەیی و یەکسانی، هەروەها مسۆگەرکردنی بەشداری و ھاوبەشیی کارای ئافرەتان لە ھەموو جومگە و کایەکانی ژیان، دەسەڵات، سیاسەت، کارگێڕیدا و بەھێزکردنی تواناکانیان".
نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، بەرز و شکۆدار بێت یادی ھەشتی مارس، سەرکەوتن بۆ خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان و ئازادیخوازان لە پێناو دابینکردنی ماف و دادپەروەریی و یەکسانیدا.