Abdullah Shukur
14 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2019
سۆچی - AA
لووتکەی سێ قۆڵی تورکیا-رووسیا-ئێران بە بەشداری ئەردۆغان، پوتین و رووحانی لەبارەی "سووریا" دەستیپێکرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان وتارێکی لە لووتکەکەدا پێشکەش کرد گوتی: "گەلی سووریا کە ھەشت ساڵە ھەوڵ دەدەن لە سیبەری چەکدا ژیان بەسەر بەرن، چاوەڕوانیان لە ئێمە بیستنی ھەواڵی خۆشە بۆ چارەسەری سیاسیی ھەمیشەیی".
ئەردۆغان گوتی: "سەرەڕای سەرجەم کێشەکان و بۆچوونە جیاوازەکان ئەو کارە ئاژاوەگێرانەی بۆ لێکترازاندنی نێوانمان ئەنجامدرا، توانیمان بە پێداگرییەوە پارێزگاری لە گیانی ئاستانا بکەین (قۆناغی ئاستانا).
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "ئێمە چۆن بۆ راگرتنی خوێنڕێژی لە سووریا خەبات دەکەین، ھێزەکانی دیکەش بەنھێنی و ئاشکرا ھەوڵی بەردەوامیدان بە پێکدادانەکان دەدەن. بە وردبینی و زیرەکی و رێککەوت مامەڵەمان کرد و تا ئەمڕۆ رێگەمان نەداون ئەو ھەلەی چاوەڕوانی دەکەن چنگیان بکەوێت".
لەلایەکی دیکەش، سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە لووتکەکەدا گوتی: "ئاستانا، بووە ھۆکاری دەستەبەرکردنی قۆناغی چارەسەری سیاسی ھەمیشەیی بۆ سووریا".
پوتین لەبارەی رێککەوتنی لایەنەکان لە ئیدلب گوتی: "پێویستە رێکبکەوین لەسەر پرسی کەمکردنەوەی بارگرژی لە ئیدلب. ئەمەش بە مانای بەرگە گرتنمان بە ھەبوونی تیرۆریستان نایەت" و جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئێستا لە زۆربەی خاکی سووریادا سیستەمی ناوچەی داماڵراو لە پێکدادان پارێزگاری لێ دەکرێت. ئەمە ئەنجامی ئەرێنی و جدی ئێمەیە".
پوتین راشیگەیاند: "دەستپێکردنی کارەکانی لێژنەی دەستووری سووریا بەزووترین کات زۆر گرنگە".
ھاوکات سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "گفتوگۆمان کرد لەبارەی گرنگی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی بیانی و رزگاری لە ھەڕەشەی تیرۆر، جەختمان لەسەر یەکپارچەیی خاک کردەوە".
حەسەن روحانی گوتیشی: "بەداخەوە ئەمریکا لە عێراق گرووپە تیرۆریستیەکان دەپارێزێت. پێکھاتە تیرۆریستیەکان بەکاردەھێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی".