Ahmet Furkan Mercan
25 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2021
تۆکیۆ - AA
چوار کەشتی هێزەکانی ئاسایشی کەناردەریا کە ئاڵای چین-یان بەرزکردبووەوە، لە بەری دوورگەکانی سینکاکو کە ناوچەی جێناکۆکە لە خۆرهەڵاتی دەریای چین، چوونە سنوورە ئاوییەکانی ژاپۆن-ەوە.
بەپێی بارەگای ناوچەی یازدەهەمینی ئاسایشی کەناردەریا لە شارۆچکەی ناها سەربە پارێزگای ئۆکیناوا باشووری خۆرئاوای ژاپۆن، دوێنێ کەشتییەکان لە دەورووبەری کاتژمێر ١٦:٣٠ بەکاتی ناوخۆ لە بەری دوورگەکانی سینکاکو-ی جێناکۆک سووڕاونەتەوە و نزیکبوونەتەوە لە دوورگەکانی ئۆستوری و تایشۆ.
ئاسایشی کەناردەریای ژاپۆن، کەشتییەکانی چینی ئاگادارکردووەتەوە ناوچەکە جێبهێڵن.
بەگوێرەی هەواڵێکی دەزگای پەخشی گشتیی ژاپۆن "NHK"، ئەو کەشتییانەی ئاڵای چینیان بەرزکردووەتەوە ئەمساڵ ١٦ جار هاتوونەتە سنوورە ئاوییەکانی ژاپۆنەوە.
- دەسەڵاتی بەکارهێنانی چەک
ئەو یاسایەی کە لە یەکی شوباتدا لە چین چووە بواری جێبەجێکردنەوە، دەسەڵاتی بەکارهێنانی چەک دەدات بە ئاسایشی کەناردەریای خۆی دژبەو کەشتییە بیانییانەی پابەندی یاساکان نابن لەو سنوورە ئاویانەی جێگەی باسن.
ئاژانسی هەواڵیی کیۆدۆ بڵاویکردەوە کە ئەو یاسایە دەسەڵات دەدات بە چین بۆ کردنەئامانجی ئەو کەشتییانەی ژاپۆن کە لە بەری دوورگەکانی سینکاکوی جێناکۆک لە خۆرهەڵاتی دەریای چین دەگەڕێن.
کۆمەڵە دوورگەکانی خۆرهەڵاتی دەریای چین کە ژاپۆن پێیان دەڵێت سینکاکو و چین-یش پێیان دەڵێت دیاۆیو لە پێنج دوورگە و سێ گردەبەرد پێکهاتوون.