Emre Aytekin
30 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2023
پەکین - AA
چین داوای کرد شیرازەی گشتیی لە وڵاتی گابۆن کە سەربازان ڕایانگەیاندووە دەستیان بەسەر حکوومەتدا گرتووە دەستەبەر بکرێت و ئاسایشی گیانی سەرکۆماری وڵاتەکە، عەلی بۆنگۆ بپارێزرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ڤانگ ڤینبین لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: ''داوا لە هەموو لایەنەکانی کابۆن دەکەین بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی وڵات و گەل لەبەرچاو بگرن و ناکۆکییەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن و لە کورترین ماوەدا شیرازەی وڵات ئاسایی بکەنەوە''.
ڤانگ باسی لەوە کرد کە لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشی وڵاتەکە دەکەن و داوای کرد ئاشتیی نیشتمانیی و سەقامگیری بپارێزرێت و گەرەنتی ئاسایشی کەسی سەرکۆمار بۆنگۆ بکرێت.
ئەمڕۆ لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە گابۆن، گرووپێک سەرباز هەڵیانکوتایە سەر بینای تەلەڤیزیۆنی نیشتمانیی و دەستبەسەرداگرتنی حکوومەتیان ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بەناوەی گرووپێک سەرباز بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە هەڵبژاردن هەڵوەشاوەتەوە و سنوورەکانی وڵات داخراون.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ''وەک هێزەکانی بەرگریی و ئاسایش، لە لیژنەی نۆژەنکردنەوە و ڕاگوزەری دامەزراوەکاندا یەکمان گرتووە. بەناوی گەلی گابۆنەوە کۆتایی بە ڕژێمی ئێستا دەهێنین و بڕیارمانداوە بەرگریی لە ئاشتیی بکەین''.