Yasin Yorgancı,Emre Aytekin
28 تشرینی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2025
هۆنگ کۆنگ - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاگرەکەی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کە لە هەشت باڵەخانە پێکهاتبوو لە ناوچەی تای پۆ لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری هۆنگ کۆنگی چین گیانیان لەدەستداوە، بۆ ١٢٨ کەس بەرز بووەتەوە.
وەزیری ئاسایش، کریس تانگ سەبارەت بە قوربانیانی ئاگرەکەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
تانگ ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا ١٢٨ کەس کە ئاگرکوژێنەوەشیان لە نێودایە گیانیان لەدەستداوە.
هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە کۆمەڵگەکەدا کە بە مەزەندە دەکرێت نزیکەی چوار هەزار کەسی تێدا نیشتەجێ بێت، دوو ڕۆژە بەردەوامە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کە بەردەوامن لە کارەکانی ڕزگارکردن، هێشتا نەگەیشتوونەتە ٢٥ لەو بانگەوازانەی بە هاناوەچوون کە لە کۆمەڵگەکەوە پێیان گەیشتووە.
نیوەڕۆی ٢٦ی تشرینی دووەم، لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی وانگ فۆک لە قەزای تای پۆ کە زیاتر لە هەزار و ٩٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی تێدایە، ئاگر سەریهەڵدا و، بەهۆی گڕگرتنی ئەو ئەسکەلانەی لە دیوی دەرەوەی بیناکان دانرابوون بۆ نۆژەنکردنەوەیان ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەند و، لەگەڵ گڕگرتنی ئەو ماددانەی بۆ عەزلی بیناکان دانرابوون ئاگرەکە زیاتر تەشەنەی سەند و بڵاوبوویەوە.