Mücahit Aydemir
29 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2023
قودس – AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو وەک وەڵامدانەوە بەرامبەر رەخنەکانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە چاکسازی دادوەریی کە ناڕەزایەتی بەرفراوانی لە ئیسرائیل لێ کەوتووەتەوە، رایگەیاند: "ئیسرائیل دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و بەپێی گوشارە دەرەکییەکان بڕیارەکانی نادات".
بێنیامین ناتانیاهو رەخنەی لە گوتەکانی جۆ بایدن گرتبوو کە بەهۆی چاکسازی دادوەرییەوە خۆپیشاندانی بەرفراوان و مانگرتن لە کارکردن لە ئیسرائیل سەریان هەڵداوە گوتبووی: "زۆر نیگەرانم لەوە و ئیسرائیل ناتوانێت لەمە بەردەوام بێت".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چەند تویتێکی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاو کردەوە و نووسیوویەتی: "زیاتر لە ٤٠ ساڵە بایدن دەناسم و ستایشی پشتیوانییەکانی دەکەم بۆ ئیسرائیل. وڵاتەکەمان وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە".
بێنیامین ناتانیاهو بە ئاماژەدان بەوەی کە هاوپەیمانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا "پتەوە و لەق نابێت"، نووسیوویەتی: "بەسەر ئەو ناکۆکییانەدا سەر دەکەوین کە ماوە ماوە دروست دەبن. حکوومەتەکەی من پێداگیرە لەسەر رێکخستنەوەی هاوسەنگی لەنێوان سێ دەسەڵاتەکەی دەوڵەت بەشێوەیەکی گونجاو. ئیسرائیل دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و بە ئیرادەی گەلەکەی بڕیار دەدات نەک بە گوشارە دەرەکییەکان تەنانەت ئەگەر ئەو گوشارانە لە وڵاتانی دۆستیشەوە بن".
جۆ بایدن پێشتر رایگەیاندبوو کە نیگەرانە لەوەی بەهۆی چاکسازی دادوەرییەوە خۆپیشاندانی بەرفراوان و مانگرتن لە کارکردن لە ئیسرائیل سەریان هەڵداوە و گوتبووی: "هاوشێوەی زۆربەی پشتیوانانی ئیسرائیل منیش لەوە نیگەرانم. ئیسرائیل بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت. هیوادارم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو واز لە چاکسازی دادوەریی بهێنێت، چونکە ناتوانن ئاوا بەردەوام بن. ئەمەم بە جۆرێک لە جۆرەکان روون کردووەتەوە".
بایدن لە وەڵامی پرسیارێکیشدا کە داخۆ ناتانیاهوی بانگهێشت کردووە بۆ واشنتۆن، گوتبووی: "نەخێر، لەو نزیکانە بانگهێشتم نەکردووە و بە تەلەفۆن گفتوگۆمان نەکردووە، لەڕێگای باڵیۆزخانەکەمانەوە لە ئیسرائیل پەیامم بۆی ناردووە".