Tuğçenur Akgün
08 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2023
نیویۆرک - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند، پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا لە رێگەی پێدانی بۆمبی هێشووییەوە "بڕیارێکی زۆر قورس بوو".
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی CNN، بایدن لەبارەی دابینکردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆکراینا دوا.
بایدن بە ئاماژەدان بەوەی کە پێدانی ئەو جۆرە بۆمبە بە ئۆکراینا "بڕیارێکی زۆر قورس بوو"، رایگەیاند کە لەگەڵ هاوپەیمانان و ئەندامانی کۆنگرێس لەسەر ئەم پرسە قسەی کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە جبەخانەکانی ئۆکراینا تەواو دەبێت و رایگەیاند، تاوەکو توانای پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی تەقەمەنی دەگاتە دەست، ئەم پشتیوانییە بەردەوام دەبێت.
بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ئەوان لایەنێک نین لە رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بۆمبی هێشوویی، بایدن گوتی: "بەڵام ماوەیەکی زۆری برد تا توانیم ئەم بڕیارە بدەم".
بایدن جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە ئۆکراینا لە شەڕی دژی رووسیادا ئەو چەکانەی هەبێت کە پێویستیەتی.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییە سەربازییەی کە بەهاکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلارە، بۆمبی هێشوویی بە ئۆکراینا دەدات.
تەواوی چاوپێکەوتنەکەی بایدن سبەی یەکشەممە نۆی تەمووز پەخش دەکرێت.