Hasan Esen
02 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2021
لەندەن- AA
بەکارھێنانی ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکانی ڤایزەر-بایۆنتەک و ئۆکسفۆرد- ئاسترازێنکا، سەدا ٨٠ی ئەو توشبووانەی کۆرۆنای کەمکردووەتەوە کە لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چارەسەردابوون.
فەرمانگەی تەندروستیی گشتیی بەریتانیا، راپۆرتێکی دەربارەی یەکەم کاریگەرییەکانی ئەو دوو ڤاکسینە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، دوای تێپەڕینی چوار ھەفتە بەسەر بەکارھێنانی ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکاندا، بەکارھێنەرانی ڤاکسینی ڤایزەر-بایۆنتەک بەڕێژەی سەدا ٥٧- ٦١ و بەکارھێنەرانی ڤاکسینی ئۆکسفۆرد-ئاسترازێنکا بەڕێژەی سەدا ٦٠- ٧٣ کاریگەری ڤاکسینەکەیان لەسەر دروستبووە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە بەکارھێنانی ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکان بۆ کەسانی ٨٠ ساڵ و بەرەوسەر وایکردووە ژمارەی ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ دەکرا بەڕێژەی سەدا ٨٠ کەم ببێتەوە، ھەروەھا بەکارھێنانی ڤاکسینەکان بەڕێژەی سەدا ٨٣ حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی بە کۆرۆنا کەم کردووەتەوە.
وەزیری تەندروستیی بەریتانیا، مات ھانکۆک لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا کاریگەرییەکانی ئەم دوو ڤاکسینەی بە "زۆر بەھێز" وەسف کرد و ئەوەشی خستەڕوو کە ڤاکسینەکان فشاری سەر نەخۆشخانەکانیان کەمکردووەتەوە و یارمەتی دەربوون بۆ رزگارکردنی ژیانی تووشبووان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە بەریتانیا، حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا زیادیان کردبوو.
زۆرترین ژمارەی تووشبووان لە ماوەی یەک رۆژدا لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ تۆمار کرابوو کە ٨١ ھەزار و ٥٤٧ کەس بوو، زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانیش لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا تۆمار کرا کە ھەزار و ٨٢٠ کەس بوو لە یەک رۆژدا.
بەڵام بەھۆی دووبارە دەستپێکردنەوەی کەرەنتینە لە پێنجی کانوونی دووەمدا، ژمارەی تووشبووانی رۆژانە بۆ کەمتر لە ١٠ ھەزار و ژمارەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بۆ کەمتر لە ٥٠٠ حاڵەت دابەزی.