Emre Aytekin
20 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2026
سەرۆکی چین، شی جین پینگ و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین لە پەکینی پایتەخت کۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی شینخوا، پوتین شەوی ڕابردوو بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتووەتە پەکین و، بەیانی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تیانانمێن ڕێوڕەسمێکی فەڕمی بۆ ڕێکخراوە.
دوای ڕێوڕەسمەکە سەرکردەکان لە هۆڵی گەورەی گەل کۆبوونەوەیەکی تایبەت و کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانیان ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکە هەردوولا هاوڕابوون بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ڕێککەوتننامەی دراوسێیەتی باش، دۆستایەتی و هاوکاریی چین و ڕووسیا کە لە ساڵی ٢٠٠١ واژوو کراوە.
سەرۆکی چین، شی جین پینگ ئاماژەی بەوە کرد ئەو ڕێککەوتننامەیەی ٢٥ ساڵ لەمەوبەر واژوو کراوە، بنەمای پەیوەندیە دۆستانە و هاریکارییە ستراتیجییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
شی هۆشداری دا لە گەڕانەوە بۆ یاسای دارستان لە پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکاندا و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم ڕێککەوتننامەیە لەم قۆناغەدا گرنگیەکی ستراتیجی زیاتری هەیە.
هەروەها شی دڵنیایی دا لەوەی چین پشتیوانی درێژکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە دەکات و بە هاوکاری ڕووسیا کاری بۆ پتەوکردنی هاریکارییە ستراتیجییەکان دەکات.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆکی چین شی بانگەوازی دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە هەموو ململانێ و شەڕ و پێکدادانەکان کرد و لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان.
شی جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆتاییهێنان بە ململانێکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە سەقامگیرکردنی وزە و زنجیرەی دابینکردن و ئاساییکردنەوەی بازرگانیی نێودەوڵەتییدا.
لە بەرامبەردا سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین خۆشحاڵی خۆی بە ئاستی بێ وێنەی پەیوەندییە دۆستانە و هەماهەنگییەکانی نێوان ڕووسیا و چین دەربڕی و، ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای ئاستەنگە دەرەکییەکان، قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ٣٠ هێندە زیادی کردووە و ٢٠٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
هاوکات پوتین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە لەم قۆناغەی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕووسیا و چین بەردەوام دەبن لەسەر پەیوەندی متمانەپێکراوی نێوان دابینکەر و کڕیاری وزەدا و، ڕایگەیاند: "هاریکاریی ڕووسیا و چین کۆڵەکەیەکی سەرەکی سەقامگیریی نێودەوڵەتییە و هەردوو وڵات پابەندن بە دروستکردنی جیهانێکی فرە جەمسەر".
پوتین ئەوەیشی خستەڕوو لەم دۆخە پڕ گرژییەی جیهاندا، هاریکارییەکانیان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی وەک BRICS، ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای و G20 بەهێزتر دەکەن و، پشتیوانی خۆشی بۆ بەشداری کردن لە لووتکەی داهاتووی هاریکاری ئابووریی ئاسیا-زەریای هێمن (APEC) لە شاری شنچن دەربڕی.
سەرۆکی ڕووسیا پوتین بە فەڕمی بانگهێشتی سەرۆکی چین شی کرد بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو سەردانی وڵاتەکەی بکات.