Kasım İleri
04 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2021
واشنتۆن - AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن لە بینای پنتاگۆن، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو وەزیر دەربارەی پرسی ئاسایشی ئیسرائیل و پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ نوێکردنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی قوببەی ئاسنینی ئیسرائیل دوان.
گانتز، کە لە ئێستادا بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتۆن-ە، دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بلینکەن، لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش کۆبووەوە.
پنتاگۆن، دەربارەی کۆبوونەوەی هەردوو وەزیر راگەیەندراوێکی بڵاو کردوەتەوە و تیایدا هاتووە: "وەزیری بەرگری ئەمریکا، لۆید ئۆستن، بە ئامانجی فراوان کردنی هەماهەنگی سەربازیی و گفتوگۆ کردن لەسەر زنجیرەیەک گرفتی ئەمنی ناوچەکە بەتایبەت هەڕەشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز کۆبووەتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئۆستن پابەندبوونی ئەمریکای بە سەروەری هێزی سەربازیی و بەرگریی ئیسرائیل دووپات کردوەتەوە و گوتویویەتی: "حکوومەتی واشنتۆن لەپێناوە دەستەبەر کردنی ئاسایشی هەمیشەیی بۆ فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان، پشتیوانی خۆی بۆ ئاگربەستەکەی ٢١ی ئایار دووپات دەکاتەوە".
هەروەها جەختیشی لە پشتیوانییەکانی جۆ بایدن بۆ نوێکردنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی قوبەی ئاسنین-ی ئیسرائیل کردووەتەوە.