Dildar Baykan Atalay
18 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن – AA
لەو دادگاییەی کە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ئەوە راگەیەندرا کە کۆمپانیای لافارج-ی فەڕەنسی بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ تاوانی هاوکاریکردنی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی قبوڵ کردووە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، کۆمپانیای لافارج-ی فەڕەنسی بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە دادگای فیدڕاڵی لە برۆکلین-ی نیویۆرک، رەزامەندی لەسەر گەیشتن بە رێککەوتن داوە.
کۆمپانیای لافارج، تاوانی "هاوکاریکردنی داعش"ی قبوڵ کردووە و رەزامەندی لەسەر پێدانی بڕی ٧٧٧ ملیۆن و ٧٨٠ هەزار دۆلار وەکو قەرەبوو داوە.
هاوکات لەو راگەیەندراوەی کە لە لافارج-وە بڵاو کراوەتەوە هاتووە:
"لافارج و کۆمپانیا لاوەکییەکەی لافارج سووریا، بەرپرسیارێتی لەسەر کردەوەی تاکە کەسیی بەڕێوەبەرەکانی قبوڵ دەکات. ئەم کردەوانە، بە شێوەیەکی قێزەون یاسای سزاکانی لافارج-ی پێشێلکردووە. زۆر دڵتەنگین بۆ روودانی ئەم رووداوە. لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەمریکا کارمان لەسەر چارەسەرکردنی ئەو پرسە کرد".
- لە رێگەی بەڵگەنامەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوەوە سەلمێندراوە کە کۆمپانیای لافارج-ی فەڕەنسی پشتیوانی دارایی داعش دەکات
ئاژانسی ئانادۆڵو لە حەوتی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١ ژمارەیەک بەڵگەنامەی بڵاوکردەوە کە پشتڕاستی دەکردەوە کۆمپانیای لافارج-ی فەڕەنسی بە ئاگاداری زانیاری هەواڵگریی فەڕەنسا پشتیوانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی کردووە.
بەپێی بەڵگەنامەکان، کۆمپانیا فەڕەنسییەکە بەردەوام دەزگای هەواڵگریی فەڕەنسای لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئاگادار کردووەتەوە. دەزگای هەواڵگریی و دامەزراوە حکوومییەکانی فەڕەنسا هۆشدارییان نەدا بە کۆمپانیاکە کە ئەو بە دابینکردنی یارمەتی دارایی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات. داعش ئەو چیمەنتۆیەی لە کۆمپانیای لافارج کڕیبووی لە دروستکردنی حەشارگە و تونێلەکاندا بەکاریدەهێنا.
لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧دا لە دژی کۆمپانیاکە دەستی پێ کردبوو، چەندین کارگێڕی باڵا، لەنێویاندا سەرۆکی دەستەی کارگێڕی کۆمپانیای لافارج، برۆنۆ لافۆنت، تۆمەتبار کران بە "دابینکردنی یارمەتی دارایی بۆ رێکخراوی تیرۆریستی".
تۆمەتی "بەشداریکردن لە تاوانەکانی دژبە مرۆڤایەتیی" کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨دا ئاراستەی کۆمپانیاکە کرابوو، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا هەڵوەشایەوە.
لە حەوتی ئەیلوولی ٢٠٢١ دادگای باڵای فەڕەنسا ئەو بڕیارەی دەرکردبوو کە رێگەی خۆشکردبوو بۆ ئەوەی کۆمپانیای لافارج تۆمەتبار بکرێت بە " ھاوبەشبوون لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی".
رۆژی ١٨ی ئایار دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس رەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە لەدژی كۆمپانیای چیمەنتۆی فەڕەنسی لافارج كە بە بەڵگەنامەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو سەلمێندرا كە کۆمپانیای ناوبراو پشتیوانی دارایی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكات.
- پرۆسهی دامهزراندنی كۆمپانیاكه له سووریا تا دهگاته دابینكردنی یارمەتی دارایی بۆ داعش
کۆمپانیای لافارج-ی فەڕەنسی کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی چیمەنتۆ لە جیهاندا سەرەڕای جەنگی ناوخۆیی سووریا کە له ئاداری ساڵی ٢٠١١دا دەستیپێکرد، درێژهی بە کارەکانی دەدا.
کارگەی لافارج کە سەرەڕای کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بەردەوامی بە بەرھەمھێنان دا، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤دا کارەکانی راگرت.
دواتر ئەوە ئاشکرا بوو کە کۆمپانیاکە بۆ ئەوەی لە ناوچەی چەلەبییە بەردەوامی بە کارەکانی بدات، جگە لە پێدانی باج و خەراج به داعش، پێداویستی و سووتەمەنی له رێكخراوهكهوه بۆ خۆی دابین كردووه.
لافارج لە مانگی تەمووزی ٢٠١٥دا لەگەڵ رکابەرە سویسرییەکەی، کۆمپانیای ھۆلسیم یەکی گرت و ناوی خۆی گۆڕی.
لە ساڵی ٢٠١٥دا سەربازانی فەڕەنسا و ئەمریکا لە بەشێکی کارگەکە جێگیربوون، بهر لهوهی كه تورکیا لهرێگهی ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتییهوه لە نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا ناوچەکە لە رێکخراوی تیرۆریستی پاكبكاتهوه، سهربازهكان بۆماوەی چوار ساڵ و نیو بەشێکی کارگەکەیان وەک بنکەی سەربازیی بەکارھێنابوو. دواتر تیرۆریستانی یەپەگە/پەکەکە لە بەشێکی کارگەکە جێگیربوون.
کەناڵی (TRT World) لە فلیمێکی دۆکیومێنتاریدا بەناوی "The Factory" کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا بڵاویکردەوە، بە بەڵگە ئەوەی ئاشکرا کردبوو، کۆمپانیای لافارج کە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ دەوڵەتی فەڕەنسادا ھەیە بە دەیان ملیۆن دۆلاری داوەتە هەردوو رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە و داعش.