Hemin Hüseyin
02 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2017
هەولێر - AA
چوار رۆژ دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کەرکووک، سەبارەت بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی ئەو پارێزگایە، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا حکوومییەکانی پارێزگای کەرکووک دابگیرێت و تەنھا ئاڵای عێراق ھەڵبکرێت.
بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، نیگەرانی سەرجەم پەرلەمانتارانی کوردی لێکەوتەوە و بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و هاوکات پارێزگاری کەرکووک، نەجمەددین کەریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان نا دەستووریی نییە و ئاماژەیشی بەوەکرد کە ئەوان پێداگیری دەکەن بۆ ئەوەی بڕیارەکە بەسەر کەرکووکدا نەسەپێت.
پارێزگاری کەرکووک، نەجمەدین کەریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە پابەند نابین بەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک چونکە بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەست ئێمە گەیشتووە، ئەو رێوشوێنانەی کە گیراونەتەبەر، بەپێی پەیڕەوەی ناوخۆیی وەک ئەوەی نەبووە کە پێشتر لەسەری رێککەوتووین و لە رووی دەستوورییەوە ماف بە ئێمەیە".
پارێزگاری کەرکووک ئاشکرایشی کرد کە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر دژی ئەو بڕیارە و لەمبارەیەوە گوتی: "پەرلەمانتارانمان لە بەغدا، رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر و دڵنیاین ئەگەر دادگایەکی دادپەروەر هەبێت ئەوا ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکووک بە هەڵکراوەیی دەمێنێتەوە".
نەجمەدین کەریم گوتیشی: "ئێمە هەر لە سەرەتاوە رامانگەیاندووە کە ئەگەر ناکۆکی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی ناوەند لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بێت، ئەوا دەستوور لەگەڵ ئێمەدایە و ئێمە لە دادگا براوەین".
رۆژی ٢٨ مانگی رابردوو پڕۆژەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەکە پەسەندکرا و ئاڵای کوردستان بە شێوەیەکی فەرمیی لەسەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەرزکرایەوە.