Muhammet Ali Kemal
23 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2016
- ''ئێمە دژی ئەوە نین لەگەڵ بانک و کۆمپانیا ئێرانییەکاندا کاربکرێت، بەمەرجێک ئەو بانک و کۆمپانیا ئێرانییانە بەهۆی بابەتێک لەدەرەوەی بابەتی ناوەکیی سزا نەدرابن''.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری، ئاماژەی بەوەكرد ە ئەو سزایانە لەسەر ئێران هەڵگیراون كە بەهۆی بەرنامە ناوەكییەكەی ئەو وڵاتەوە، بەسەریدا سەپێنرابوو، ئاشكراشی كرد ئەگەر جگە لە بەرنامەی ناوەكی، سزا لە بواری دیكەدا بەسەر تاراندا نەسەپێنرابێت ئەوا ئەوان دژی ئەوە نین كار لەگەڵ بانك و كۆمپانیا ئێرانییەكان بكرێت.
جۆن كیری و هاوتا ئێرانییەكەی محەمەد جەواد زەریف، دوای ئەوەی بەمەبەستی بەشداریكردن لە رێورەسمی واژۆكردنی رێككەوتننامەی پاریس بۆ كەشوهەوا لە نیویۆرك بوون، لە ماوەی هەفتەیەكدا دووەم كۆبوونەوەی نێوانیان ساز كرد و بابەتەكانی پەیوەست بە رێككەوتننامەی ناوەكییان تاوتوێ كرد.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كیری لە لێدوانێكی كورتدا بۆ رۆژنامەوانان، ئاماژەی بەوەكرد كە دەیەوێت بابەتێك روون بكاتەوە و رایگەیاند كە ئەمریكا لەچوارچێوەی ئەو سزایانەی بەهۆی رێككەوتنی ناوەكییەوە لەسەر ئێران هەڵگیراون، رێگری ناكات لە بازرگانیكردن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
كیری جەختی لەوەكردەوە ئەو سزایانەی بەهۆی بەرنامە ناوەكییەكەیەوە بەسەر تاراندا سەپێنرابوون، هەڵگیراون و رایگەیاند ''وەك ئەوەی بەڵێنمان دابوو، ئەو سزایانەمان لەسەر حكوومەتی تاران هەڵگرت كە لە بەرنامە ناوەكییەكەیانەوە سەرچاوەیان گرتبوو. لە ئێستادا بانكە بیانییەكان هەلی نوێیان بۆ رەخساوە تاوەك لەگەڵ ئێراندا بازرگانی بكەن''.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نەیشاردەوە بۆ ئەوەی ژمارەیەك لە بانك و كۆمپانیا بیانییەكان سەریان لێ تێك نەچێت وەك ئەوەی ئێستادا دەبینرێت ''ئێمە دژی ئەوە نین لەگەڵ بانك و كۆمپانیا ئێرانییەكاندا كاربكەن، بەمەرجێك ئەو بانك وكۆمپانیا ئێرانییانە بەهۆی بابەتێك لەدەرەوەی بابەتی ناوەكیی سزا نەدرابن''.
جۆن كیری سەبارەت بەو بانك و دامەزراوە ئێرانییانەی كە گومانیان لەسەرە بەهۆی بابەتێك لەدەرەوەی بابەتی ناوەكیی سزادرابن، ئامۆژگاری ئەوەی دایە كۆمپانیا و بانكەكان راوێژ بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بكەن.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف جەختی لەوەكردەوە كە وڵاتەكەی هەموو ئەو لێپراسراوێتییانەی لەچوارچێوەی رێككەوتننامەی ناوەكییدا كەوتووەتە سەر شانی، جێبەجێكردووە و هیوای خواست دوای هەنگاوەكانی ئەمریكا گەلی ئێران بتوانن بەو مافانەیان شاد ببنەوە كە لەم رێككەوتننامەیەوە سەرچاوەیان گرتووە.
زەریف ئاماژەی بەوەشكرد كە لەدوای لێدوانەكانی كیرییەوە ژمارەیەك لەو بانكانەی بەهۆی نیگەرانییەكانەوە رێگا لەبەردەمیاندا داخرابوو، بەربەستیان لەبەردەمدا نامێنێت و نەیشاردەوە لەدەرەوەی ئەم بابەتە جیاوازی قووڵ لە بۆچوونیاندا سەبارەت بە هەندێك بابەت لەگەڵ ئەمریكادا هەیە بەڵام زانیاریی سەبارەت بەو بابەتانە نەدا.